پارتی و یەکێتی شەممە لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمان کۆدەبنەوە

02-03-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسی بەشی یاسایی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، رۆژی شەممە دەزگای هەڵبژاردنی پارتی و یەکێتی لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە هەولێر بۆ تاوتوێکردنی بابەتەکانی جێگەی مشتومڕ لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆدەبنەوە و بابەتی کۆتای پێکهاتەکان و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن دوو تەوەری سەرەکی دەبن. 
 
رۆژی پێنجشەممە 2-3-2023، هاوار محەممەد، بەرپرسی بەشی یاسایی لە دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەیان لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رۆژی شەممە 4-3-2023، جارێکی دیکە لەگەڵ مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە هەولێر، هەردوو دەزگا و مەکتەبی هەڵبژاردنی هەردوولا کۆدەبنەوە. کۆبوونەوەکە بۆ تەواوکردنی کۆبوونەوەکەی رۆژی 28ـی مانگی رابردووە و تێیدا باسی ئەو بابەتانە دەکرێت کە لەنێوان هەردوولا ناکۆکییان لەسەرە لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان."
 
هاوار محەممەد گوتی: "ئێمە وەکو پارتی لەبارەی پرسی کۆتاکان پێمان وایە نە مافی ئێمەیە و نە مافی لایەنی دیکەیە دەستوەردان لەو بابەتە بکەین. دەبێت پێکهاتەکان خۆیان ئەو پرسە یەکلایی بکەنەوە."
 
بەرپرسی بەشی یاسایی لە دەزگای هەڵبژاردنی پارتی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە لەبارەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانەوە پارتی دیموکراتی کوردستان لاریی نییە لەوەی کۆمیسیۆنی ئێستا وەکو خۆی بمێنێتەوە یان بگۆڕدرێت، واتە لەسەر ئەو بابەتە هیچ پارێزبەندییەکیان نییە.
 
لەبارەی ئەو خاڵانەش کە لە کۆبوونەوەی رۆژی 28ـی مانگی رابردوو لەسەری رێککەوتن، هاوار محەممەد گوتی: "لەگەڵ یەکێتی رێککەوتین لەسەر ئەوەی سیستمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان چوار بازنە بێت، واتە لەسەر بنچینەی هەر پارێزگایەک و بازنەیەک بێت؛ هەروەها رێککەوتین لەسەر ئەوەی کۆمیسیۆن بە هاوئاهەنگی لەگەڵ کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامێرەکانی دەنگدان دەستبخەن، جگە لەوە ئێمە، لارییمان نییە لەوەی پشت بە ئامارەکانی دەستەی ئامار و وەزارەتی پلاندانان یان بازرگانیی عێراق ببەسترێت تایبەت بە ئاماری دانیشتووانی هەرێمی کوردستان."
 
رۆژی سێشەممە 28-02-2023، دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان و مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکێتیی نیستمانیی کوردستان لەبارەی پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمان کۆبوونەوە و دوای کۆبوونەوەکە زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی و لوقمان وەردی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان کە لە کۆبوونەوەکەدا بەشداربوون، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا وردەکاریی کۆبوونەوەکەیان خستەڕوو.
 
رۆژی 24-02-2022 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان فەرمانی هەرێمی بۆ دەستنیشانكردنی رۆژی هەڵبژاردنی گشتیی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان - عێراق واژۆ كرد، لە فەرمانه‌ هەرێمییه‌که‌دا هاتبووە: "بەپێی یاسای ژمارە یەكی ساڵی 2005، یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان - عێراق هەمواركراو، رۆژی 1/10/2022 وەك رۆژی ئەنجامدانی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەستنیشانكرا."
 
ناکۆکیی سیاسیی نێوان لایەنەکان لەسەر یاسای هەڵبژاردن، پێکهاتەی ئێستای کۆمیسیۆن و شێوازی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە لەنێوان یەک بازنەیی و فرەبازنەییدا بووە هۆکاری ئەوەی هەڵبژاردن دوابخرێت. 
 
لایەنە سیاسییەکان لەبارەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران، یاسای هەڵبژاردن و ژمارەیەک وردەکاریی پەیوەست بە بازنەکانی هەڵبژاردن، هەروەها کورسیی پێکهاتەکان و تۆماری دەنگدەران و کۆمەڵێک پرسی دیکەوە هێشتا ناکۆکن. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە