لە سەیدسادق کچێکی نابینا هیوا بە خەڵک دەبەخشێت

رووداو - سەیدسادق 

شانیا فایەق، ھەر لە تەمەنی شەش مانگیدا چاوەکانی لەدەستداوە، بەڵام ئەمە نەبووەتە رێگر لە بەرەوپێشچوونی ژیانی، چونکە گوێیەکانی جێگەی نابینایشی بۆ پڕکردووتەوە.

شانیا کچێکی نابینای دانیشتووی سەیدسادقە و، دەڵێ "رۆژانە لە رێگەی مۆبایلەکەمەوە وانەکان تۆماردەکەم، گوێیان لێدەگرم و لەبەریان دەکەم".

بۆ ئەوەی تواناکانی بسەلمینێت، بەدوای هەژماری فەیسبووکی سامان بەشارەتی (پەیامنێری رووداو کە راپۆرتەکەی لەبارەیەوە ئامادەکردووە) گەڕا و داوای ھاوڕێیەتی و نامەی بۆ نارد.
 
خانەوادەی شانیا بۆ زۆربەی نەخۆشخانەکانی کوردستان، ئێران و عێراقیان بردووە، بەڵام ھەموو پزیشکەکان یەک وەڵامیان ھەبووە "چاوەکانی شانیا تاوەکو کۆتایی تەمەنی هەر نابینا دەبن، بەھۆی بوونی وەرەم لە سەر بیلبیلەکانی".

فایەق حوسێن، باوکی شانیا باس لەوکاتە دەکات کە پزیشکەکان قسەیان بۆی کردووە، "دکتۆرەکان پێیان گوتین بیبەنەوە رەنگە گیان لەدەستبدات، ئێمە ھیچ چارەمان نەما و ھێنامانەوە بۆ ماڵەوە، بەڵام سوپاس بۆ خوا تائێستا ماوە و دەشخوێنێت".

شانیا رۆژانە بەو ئاواتەوە رێگەی قوتابخانە دەگرێتەبەر، کە لە داھاتوودا زمانی ئینگلیزی فێرببێت و کاری وەرگێڕان بکات، ئەو دەڵێ "پێمخۆشە لەداھاتوودا ببمە وەرگێڕی زمانی ئینگلیزی و، خۆبەخش کاربکەم". 

قسەخۆشی و ھیوای زۆری بە ژیان وایان کردووە، شانیا لای ھاوڕێ و مامۆستاکانی خۆشەویست بێت. ژوان حوسێن، هاوڕێی شانیا دەڵێ "لە پۆلی دووەوە بەیەکەوەین، دەستی دەگرم و دەڕۆینە دەرەوە و دەچین بۆ کافتریا، ھەرچیشی پێویست بێت لە وانەکانیدا، من ھاوکاری دەکەم". 

لەبەرئەوەی توانای بینین و نووسینیشی نییە، تەنیا رێگە بۆ فێربوونی شانیا لە نێو پۆل، تۆمارکردنی دەنگە، کە دواتر وەک ھاوپۆلەکانی دەتوانێت بۆ مامۆستاکەی بڵێتەوە.

شانیا دەڵێ "من زۆر سوپاسی مامۆستاکان و ھاوڕێکانم دەکەم، بەتایبەتی مامۆستاکان زۆر ھاوکارمن، هەرشتێک کە لێی تێنەگەم بۆم سەدبارەی دەکەنەوە بەبێ ئەوەی بێزاربن".

 

 

داڕشتنەوە: هەڵات رێبوار