ئاسۆ مامەند: ناردنی هێز بۆ کۆمپانیای نەوتی باکوور پەیامە بۆ بەغدا

رووداو - کەرکووک

بەرپرسی مەڵبەندی دووی یەکێتی لە کەرکووک رایگەیاند، وەک ئاگادارکردنەوەیەک بۆ حکومەتی عێراق لە بەرامبەر جێبەجێنەکردنی ئەو رێککەوتنەی لەنێوان وەزارەتی و نەوت و پارێزگاری کەرکووکدا هەبووە، هێزیان ناردووەتە سەر کۆمپانیای نەوتی باکوور و هەناردەی نەوتەکەیان راگرتووە. راشیگەیاند مۆڵەتی یەک هەفتە دەدەنە بەغدا بۆ جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە.

ئاسۆ مامەند، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەڵبەندی دووی یەکێتی لە کەرکووک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ئەو هێزەی ئەمڕۆ چووەتە نێو کۆمپانیای نەوتی باکوور هێزی ئەوان بووە و ناردنی هێزەکەش ئاگادارکردنەوەی بەغدا بووە "لەو غەدرانەی لە خەڵکی کەرکووکی دەکات".

بەرپرسی مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتی گوتیشی "ئەمڕۆ بۆ چەند کاژێرێک ئەو نەوتەمان راگرت، ئەمەش ئاگادارکردنەوەیەک بوو بۆ حکومەتی عێراق و وەزارەتی نەوت، لە بەرامبەر جێبەجێنەکردنی ئەو رێککەوتنەی لەنێوان وەزارەتی و نەوت و پارێزگاری کەرکووکدا هەبووە".

ئاسۆ مامەند دەڵێت "ماوەیەکی زۆرە هەست دەکەین غەدر و ناحەقییەکی زۆر لە خەڵکی کەرکووک و دانیشتوانەکەی دەکرێت، هەوڵمانداوە چیدیکە کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر حیسابی کەرکووک نەکرێت و غەدر لە کەرکووک و دانیشتوانەکەی نەکرێت، رۆژگارێک دانیشتوانی کەرکووک دەنگی بە کورد و بە یەکێتی نیشتمانی کوردستانداوە، مافی ئەوەشی هەیە وەکو یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەرگری و داکۆکی لێبکەین".

ئاسۆ مامەند دەڵێت "لە ماوەی پێشووتر بە شێوازی جۆراوجۆر، جیا لە بای حەسەن و ئاڤانا، ئەو نەوتەی لەژێر دەستی کۆمپانیای نەوتی باکوورە، هەوڵێک هەبوو لێرەوە ئەو نەوتە بۆ پاڵاوگەیەک لە ئاسکی کەلەک ببردرێت بە ناوی موسڵەوە، لەکاتێکدا نەوتی عەینزالە و خورمەڵە و زۆر شوێنی دیکەش هەیە، دەیانتوانی لەوێوە بۆ ئەو پاڵاوگەیەی ببەن".

بە ئاماژەدان بەو رێککەوتنەی کە ماوەیەک بەر لە ئێستا لەنێوان پارێزگاری کەرکووک و وەزارەتی نەوت و کارەبا لەگەڵ پارێزگای نەینەوا و چەند شوێنێکی دیکە ئەنجامدراوە، ئاسۆ مامەند گوتی "ئێمە رازی بووین بە رێککەوتنەکە بە مەرجێک دەبێت بیر لەوە بکرێتەوە پاڵاوگەیەک لە کەرکووک دابمەزرێت لەبری ئەوەی بۆ شوێنی دیکە ببردرێت، لە بەرامبەردا وەزارەتی نەوت تەنیا یەک خاڵی جێبەجێکرد و خاڵەکانی دیکەی پشتگوێخست".

ئاسۆ مامەند ئاماژە بەوە دەکات، رۆژانە لە کەرکووکەوە 20 هەزار بەرمیل نەوت دەبردێت بۆ پاڵاوگەیەک لە بەغدا بۆ وێستگەی کارەبای قودس، یان لێرەوە نەوت بۆ پاڵاوگەی کەلەک دەنێردرێت بەناوی موسڵ.

بەرپرسی مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتی دەڵێت، لە بەرامبەر ئەو هەوڵانە و جێبەجێنەکردنی تەواوی رێککەوتنەکەی نێوان وەزارەتی نەوت و پارێزگاری کەرکووک، ئەمڕۆ بۆ چەند کاژێرێک هەناردەی نەوتی کۆمپانیای نەوتی باکووریان راگرتووە. "ئەمەش ئاگادارکردنەوەیەک بوو بۆ حکومەتی عێراق و وەزارەتی نەوت، رێککەوتنێک هەبووە لە نێوان پارێزگاری کەرکووک و وەزارەتی نەوت، بە ئاگاداری سەرۆکوەزیرانی عێراق، کە چەند بەندێک لەخۆی دەگرێت، یەکێک لەوانە دامەزراندی پاڵاوگەیەک یان زیادەی تاقەیەک لە کەرکووک، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو رێککەوتنە جێبەجێ نەکراوە".

ئاسۆ مامەند باس لەوەش دەکات، ئەو هەنگاوەی ئەمڕۆ گرتوویانەتەبەر "رق و کینەی خەڵک و جەماوەری کەرکووکە بە سەرجەم پێکهاتەکانیانەوە، چونکە خەڵکی کەرکووک لەوە زیاتر نە لە ئێمە و نە لە هیچ لایەنێک قبووڵ ناکات".

ئاسۆ مامەند جەختیکردەوە، ئەمڕۆ ئاگاداری وەزارەتی نەوتی عێراق-یان کردووتەوە "کە لەماوەی هەفتەیەکدا ئەگەر ئەو پاڵاوگەیە یان زیادەی تاقەیە دانەمەزرێت و ئەو رێککەوتنە جێبەجێنەکرێت، ئەوا خەڵکی کەرکووک ئامادەیی هەیە بچێتە سەر کۆمپانیای نەوتی باکوور و رێگری لە بردنی ئەو نەوتە بکات".

داڕشتنەوە: حەکیم داود