بەهۆی کەم بارانییەوە کشتوکاڵی دهۆک رێگە بە جووتیاران دەدات بیر لێبدەن

02-02-2025
سیپان رۆژهەڵاتی
دیمەنێکی پارێزگای دهۆک. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو
دیمەنێکی پارێزگای دهۆک. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پێشبینی دەکرێت درەنگکەوتنی بارینی بارانی پێویست کاریگەری لەسەر بەرهەمی گەنم هەبێت. کشتوکاڵی دهۆک دەڵێت، "بەهۆی کەم بارانییەوە رێگە بە جووتیاران دەدەین بیر لێبدەن و سیستمی ئاودێرییان بگۆڕن."
 
موحسین حەسەن، جێگری بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەم ساڵ بارینی باران بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، 70٪  تاوەکو 90٪ کەمتر بووە و ئەوەش کاریگەری لەسەر بەرهەمی گەنم دەبێت". 
 
جێگری بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی دهۆک رایگەیاند: "ئەگەر بەهۆی کەمبارانییەوە هەموو بەرهەمی گەنم لە سێمێل و باتێل لەنێو نەچێت، ئەوا بە رێژەیەکی بەرچاو کەم دەکات، واتە بەرهەمی گەنم وەک ساڵی رابردوو نابێت".
 
موحسین حەسەن رایگەیاند: "لە سەرانسەری پارێزگای دهۆکدا 643 هەزار دۆنم زەوی پشت بە ئاوی باران دەبەستێت بۆ کشتوکاڵ، بەڵام ئەگەر هەیە ئەم ساڵ بەشێک لەو رووبەرە 100٪ بەرهەمی لەنێو بچێت". 
 
بە گوتەی جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک، "نزیکەی 190 هەزار دۆنم زەویی دێم دەکەوێتە سنووری قەزای سێمێل و دەشتی سلیڤانەیی. ئەگەر هەیە بەهۆی کەمی بارانەوە 60٪ بەرهەم بەراورد بە ساڵی رابردوو کەمتر بێت".  
 
بەپێی پێشبینی جێگری بەڕێوەبەری کشتوکاڵی دهۆک، "ئەم ساڵ لە دهۆک 400 هەزار تۆن بەرهەمی گەنم بەرهەم دەبێت".
 
کشتوکاڵی دهۆک دەڵێت: "پلانیان هەیە ئاوی ژێر زەوی بۆ کەرتی کشتوکاڵ بەکاربێنن و رێگە بە جووتیاران دەدەن بیر لێبدەن و سیستمی ئاودێریکردنیان بگۆڕن".
 
موحسین حەسەن گوتی: "ئێستا لە دهۆک 300 هەزار دۆنم بە سیستمی نوێ ئاو دەدرێت"؛ ئاماژەی بەوەشکرد: "بۆ ئەو ناوچانەی ئاوی ژێرزەوییان نییە، گۆمی دەستکرد دروست دەکرێت، تاوەکو ئێستا 56 گۆمی دەستکرد دروستکراون و پلانەکە بەو جۆرەیە لەو ناوچانەی نزیک رووبارن گۆمی زیاتر دروستبکرێن".
 
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، تاوەکو ئێستا جگە لە سلێمانی، لە سێ پارێزگاکەی دیکە ئاستی باران بڕەکەی زۆر کەمترە بەراورد بە وەرزی بارینی رابردوو.
 
بەگوێرەی ئاماری بەردەستی رووداو، تاوەکو ئێستا لە هەولێر 72.2 ملیمەتر باران باریوە، لەکاتێکدا ساڵی رابردوو تاوەکو ئیستا 202 ملیمەتر باران باریبوو؛ لە سلێمانی 209 ملیمەتر باران باریوە، ساڵی رابردوو تاوەکو هەمان رێککەوت 210 ملیمەتر باریبوو؛ لە دهۆک 37.6 ملیمەتر باران باریوە، لەکاتێکدا ساڵی رابردوو تاوەکو هەمان رێککەوت 377.4 ملیمەتر باران باریبوو؛ لە هەڵەبجەش تاوەکو ئێستا 255.1 ملیمەتر باران باریوە، لەکاتێکدا ساڵی رابردوو تاوەکو هەمان رێککەوت 334.4 ملیمەتر باریبوو.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 هۆڵێکی تاقیکردنەوە لە قوتابخانەیەکی هەرێمی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

پەروەردەی سلێمانی مانگێک دوای پەروەردەکانی دیکە تاقیکردنەوەی نیوەی وەرزی دووەم دەکەن

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی رایگەیاند، ئەو قوتابیانەی دابڕاون لە خوێندن لە مانگی نیسان، دەست دەکەن بە تاقیکردنەوەی نیوەی وەرزی دووەم. بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانییش دەڵێت، "تاقیکردنەوەکانی کۆتایی وەرزی دووەم لەگەڵ پەروەردەکانی دیکە دەکرێت."