چارەنووسی یاسای گەڕانەوەی موڵک بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان

02-02-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەرنامەی ئەم جارەی لەگەڵ رەنج تایبەت بوو بەو پڕۆژەیاسایەی پەرلەمانی عێراق بۆ گەڕاندنەوەی زەوی بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان دەنگی لەسەردا. لە بەرنامەکە گەنگەشەی رێکارەکانی جێبەجێکردنی ئەو یاسایە و چارەنووسی کرا.
 
رۆژی 21-01-2025 دوای مشتومڕێکی زۆری کورد، شیعە و سوننە لە پەرلەمانی عێراق؛ پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەی زەوی بۆ خاوەنەکانیان دەنگی لەسەر درا و بووە یاسا. 
 
پڕۆژەیاساکە چییە و تایبەتە بەکێ؟
 
یاساکە پەیوەندیی بە 300 هەزار دۆنم زەویی کورد و تورکمان لە کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکانی دیکە هەبوو. یاساکە تایبەت بوو بە گەڕاندنەوەى موڵک و ماڵى ئەو کەسانەى کە بەگوێرەى 8 بڕیارى ئەنجوومەنى سەرکردایەتیى شۆڕشى دەسەڵاتى  پێشوو لێیان داگیرکرابوو.
 
یاساکە بەشێوەیەکی سەرەکی هەوڵێکە بۆ راستکردنەوەی ئەو ستەمەی لە کورد و تورکمان و هەندێک عەرەب کراوە، کە لە سەردەمی دەسەڵاتی بەعسدا زەوییەکانیان زەوت کرا. بەپێی یاساکە، ئەو زەوییانەی بە نایاسایی دراونەتە وەزارەت و کەسانی دیکە دەگەڕێندرێنەوە بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان؛ هەروەها یاساکە میکانیزمێک دەخاتەڕوو بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانەی زەوییەکانیان بەکارهێندراوە یان بووەتە بەشێک لە دامەزراوە حکومییەکان.
 
یاساکە هاونیشتمانیانى کورد و تورکمانى کەرکووک دەگرێتەوە، دواى داگیرکردنى زەوییەکانیان خراونەتە سەر وەزارتەکانى نەوت، دارایی و بەرگرى.   
 
ئەوکات، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکان رایگەیاند، دوای زیاتر لە 20 ساڵ لە رزگارکردنی عێراق لە دەست دەسەڵاتی بەعس، دوای 50 ساڵ لە داگیرکاری زەوییەکانی کورد و تورکمان و لە هەندێک ناوچەش زەوییەکان عەرەب، پەرلەمانی عێراق "هەنگاوێکی ئێجگار گەورەی نا" و ئەو بڕیارانەی هەڵوەشاندنەوە کە لە رێگەیەوە ئەو زەوییانە درابوونە وەزارەتەکان و بە گرێبەست درابوونە هاوردەکان.
 
 
ئەی کێشەکە چییە؟
 
دوو هەفتە بەسەر دەرکردنی پەسەندکردنی پڕۆژەیاساکە تێپەڕیوە بەڵام جێبەجێنەکراوە و جووتیاران هێشتا چاوەڕێن. هیچ باس و خواسی هەنگاوەکانی گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵ بۆ خاوەنەکانیان و گەڕانەوەی زەوییەکان بۆ کورد و تورکمان لە کەرکووک نییە.
 
سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق بە رووداوی راگەیاند: "هیچ یاسایەکمان بۆ نەهاتووە." بڕیارەکە 300 هەزار دۆنم زەوی لە کەرکووک دەگرێتەوە.
 
بەگوتەی سەعدییە عەباس، نوێنەری وەزارەتی دادی عێراق کە یەکێکبوو لە میوانەکانی رەنج، "جێبەجێکردنی یاساکە و هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی بەعس دەبێتە هۆی گەڕاندنەوەی دوو ملیار و 250 ملیۆن مەتر زەوی بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان لە هەموو عێراق دا."
 
سەعدییە عەباس لە ستۆدیۆی رووداوەوە گوتی، ئەو 300 هەزار دۆنم زەوییەی کەرکووک نزیکەی 700 ملیۆن مەتر چوارگۆشە دەکات. "بەڵێنم لە مامۆستا خالید شوانی [وەزیری دادی عێراق] وەرگرتووە، 500 هەزار دۆنم زەویی دیکە هەن لە کەرکووک، کە تایبەتە بە لیژنەی کاروباری باکوور [لە سەردەمی دەسەڵاتی حیزبی بەعس]، لە ماوەیەکی زۆر کەمدا ئەو زەوییانەش دەگەڕێنەوە و هیچ گرفتێک بۆ جووتیاران نامێنێت."
 
سەعدییە عەباس گوتی، لە تەواوی سنووری کەرکووک ملیۆنێک و 200 هەزار دۆنم زەوی "داگیرکراوە کە یەکسانە بە نزیکەی سێ ملیار مەتر دووجا و بە قەد ولاتێکی کەنداو دەبێت."
هێشتا بڕیار لەسەر تەواوی دۆنمە زەوییەکانی کەرکووک دەرنەچووە، بڕیارەکە تەنیا 300 هەزار دۆنم دەگرێتەوە.
 
'هێندەی وڵاتێکی کەنداو زەویی کەرکووک داگیرکراوە'
 
 
خانمە نوێنەرەکەی وەزارەتی داد گوتی: "تەنیا ئەوەندە ماوە لە رۆژنامە بڵاوبکرێتەوە و بۆ وەزارەت بنێردرێت."
 
یاساکان لە پەرلەمانی عێراق هەندێک رێکاریان هەیە و دوای دەرکردنیان دەبێ پێیدا تێپەڕن، یاسای گەڕانەوەی موڵک و زەوی بۆ خاوەنەکانیان دەبێ بنێردرێت بۆ سەرۆکایەتیی کۆمار، پاش پەسندکردنی لە رۆژنامەی فەرمی بڵاودەکرێتەوە، دواتر حکومەت کۆمەڵێک رێنمایی دەردەکار بۆ جێبەجێکردنی  و گشتاندنی بۆ دەکرێت، پاشان جێبەجێ دەکرێت، بەڵام ئەو هەنگاوانە هێشتا هیچیان نەکراون.
 
دوو ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق بە رووداویان راگەیاند: "رێکارەکانی جێبەجێکردنی یاساکە هێندەی دەرکردنی خودی یاساکە گرنگە، دەبێ کورد بە وردییەوە چاودێری جێبەجێکردنی بکات."
 
ئەندامێکی دیکەی لیژنەی یاسایی بە رووداوی گوت: "دوای دەركردنی یاساكە بڕیارە لەلایەن سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ‏كۆمەڵێك رێنمایی بۆ جێبەجێ‌ كردنی دەربچێت."
 
 
کوێخا ئازاد، جووتیارێکی گوندی لەیلانە نزیکی 50 دۆنم زەوی هەیە لە سنوورەکە، داوا دەکات یاساکە جێبەجێ بکرێت و چیدیکە هەراسان نەکرێن، ئەو بە رووداوی راگەیاند: "خەڵکێکمان هەبوو نەیدەتوانی زەویەکەی بکێڵێت."
 
پڕۆژە یاساکە لەدوای چاوەڕوانییەکی زۆر تێپەڕێنرا، لە ساڵی 2024ـدا شەش جار خرایە بەر دەنگدان و دەنگی پێویستی نەهێنا. 
 
میوانێکی بەرنامەکە گوتی: "کاتێک هەواڵی پەسەندکردنی پڕۆژەیاساکەمان پێگەیشت، وامانزانی تازە حیزبی بەعس رووخاوە." 

 

 
دیلان غەفوور، پەرلەمانتاری کورد عێراق لە بەغداوە میوانی بەرنامەی رەنج بوو و گوتی: "پڕۆژەیاساکە لە چوار مادە پێکهاتووە. مادەی یەکەم، 12 بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی هەڵوەشاونەتەوە و زەوییەکان بۆ خاوەنەکانی خۆیان دەگەڕێنەوە. هەشت بڕیار تایبەتن بە کەرکووکن و چواریشیان سەر بە ناوچەکانی مەندەلی و خانەقینن. تەنیا لە یەک بڕیاردا 135 هەزار دۆنم لە خەڵک وەرگیراون."
 
خانمە پەرلەمانتارەکە لە باسی مادەی دووەم گوتی، مادەکە ئاماژە بەو کەسانە دەکات کە ئەو بڕیارە نایانگرێتەوە، ئەو کەسانەش ئەوانەن کە قەرەبوویان وەرگرتووە. "مادەی سێیەم چۆنییەتی قەرەبووکردنەوەی زەوییەکەیە بۆ ئەوە کەسەی کە لەسەر زەوییەکەیە. ئەگەر جووتیارێک لە کاتی دەرچوونی بڕیارەکەی سەرکردایەتیی شۆڕش لە کەرکووک نەبووبێت، ئەوا لە شوێنی خۆی زەوی وەردەگرێت؛ بەڵام ئەگەر کەسێک لە کەرکووک بووبێت لە کەرکووک قەرەبوو دەکرێتەوە."
 
'ئیدی ستەم لە کورد ناکرێت'
 
عەبدوڵڵا میروەیس، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ و ژینگە لە ئەنجوومنەی پارێزگەی کەرکووک سوپاسی رووداو و بەرنامەی لەگەڵ رەنجی کرد و گوتی: "ئێوە هەمیشە هێزێک بوون بۆ جووتیارەکانمان. خەباتێکی مەدەنی کرا و ئەنجامێکی باشی هەبوو."
 
 
سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ و ژینگە گوتی: "هێشتا وردە شەڕ ماوە بکرێت. ئەمە شتێک نییە لەسەر سینییەکی ئاڵتوونی پێمان بدرێت و بڵێن فەرموو بۆ ئێوە. ئەو زەوییانەی کێشەی موڵکداری یەکلای کردبێتەوە گەڕانەوەی نییە و نایگرێتەوە، بەڵام بە نرخی ئێستا قەرەبوو دەکرێتەوە."
 
عەبدوڵڵا میروەیس لە مژدەیەکی خۆشدا گوتی، ئەوان وەکو ئەنجوومەنی پارێزگەی کەرکووک دەسەڵاتی پێنج وەزارەتیان هەیە و یەکێک لەوانە کشتوکاڵە. "پارێزگە رۆڵی زیاتر دەبێت. پێشتر لە بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی کەرکووک ستەم لە کورد کراوە، بەڵام ئیدی ئەوە روونادات و ئەوان ناتوانن دەست تێوەردان بکەن."
 
ئەو بەرپرسەی پارێزگەی کەرکووک گوتیشی، یەکێکە دیکە لە باشییەکانی ئەو بڕیارە کە دەسەڵات بەدەستی پارێزگەیە ئەوەیە، "جارێکی دیکە سوپا ناتوانێت بە شێوەی پێشتر رەفتار بکات، ئێستا ئەوان خاوەندارێتیی ئەو زەوییانە ناکەن."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە