زانکۆی سەڵاحەدین سێ خوێندکاری دکتۆرا دەنێرێتە ئیتاڵیا

رووداو دیجیتاڵ
لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنی نێوان زانکۆی سەڵاحەدین و زانکۆکانی ئیتاڵیا، ئەمڕۆ سێ قوتابیی دکتۆرای زانکۆی سەڵاحەدین چوونە ئیتاڵیا بۆ تەواوکردنی بەشی پراکتیکیی توێژینەوەکانیان.
تەممووزی 2023، سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین سەردانی ئیتاڵیای کرد و لەگەڵ ژمارەیەک زانکۆی ئەو وڵاتە یاداشتی لێتێگەیشتنیان واژۆکرد بۆ ناردنی قوتابییانی ماستەر و دکتۆرای زانکۆی سەڵاحەین بۆ زانکۆکانی ئیتاڵیا.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 02-02-2025، سامان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین بە رووداوی گوت، ناردنی ئەو سێ خوێندکارەی دکتۆرا، لەچوارچێوەی ئەو یاداشتەیە و لە داهاتوودا خوێندکاری زیاتریش دەنێرن.
سامان عەبدوڵڵا گوتیشی، زانکۆکەیان یاداشتی لێتێگەیشتنی لەگەڵ ژمارەیەک زانکۆی ئیتاڵیا هەیە بۆ مەبەستی هاوبەشی لەنیوان زانکۆی سەڵاحەدین و زانکۆکانی ئەو وڵاتە.
ئەو یاداشتی لێکتێگەیشتنە، وەکو سامان عەبدوڵڵا باسی دەکات، بۆ ئەوەیە قوتابییانی ماستەر و دکتۆرای زانکۆی سەڵاحەدین، "بتوانن بەشی پراکتیکی توێژینەوەکانیان بە هاوبەشی لەگەڵ زانکۆکانی ئیتاڵیا بنووسن".
ئەو قوتابییانەی زانکۆی سەڵاحەین، لە زانکۆی ئیسترن پیدمۆنت لە نۆڤارا-ئیتاڵیا بە هاوبەشی لەگەڵ ئەو زانکۆیە، توێژینەوەکانیان دەنووسن.