دوای بەدواداچوونێکی رووداو، کچێکی بێ سەرپەرشت دەگوازرێتەوە بۆ خانەی داڵدەدانی ئافرەتانی هەولێر

02-02-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای بەدواداچوونێکی رووداو بۆ ژیانی کچێکی گەنج لە شاری هەولێر کە لە دۆخێکی دەروونیی خراپدا بوو، پارێزگای هەولێر رایگەیاند، ئەو کچە بۆ خانەی داڵدەدانی ئافرەتان گوێزرایەوە.
 
ئایە، ئەو کچە بوو کە تاوەکو ئێوارەی ئەمڕۆ (یەکشەممە) لە دۆخێکی دەروونیی ناجێگیردا شەو و رۆژ لە شەقام دەمایەوە. دوای بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو کە هەر ئەمڕۆ بڵاوکرایەوە، راگەیاندنی پارێزگاری هەولێر رایگەیاند "ئەو کچەی رووداو راپۆرتی لەسەر کرد، بۆ خانەی داڵدەدانی ئافرەتانی هەولێر گوێزرایەوە".
 
ئەو كچە لە سەرەتای بیستەکانی تەمەنیدایە، شەو و رۆژ بە چەند شەقامێکی هەولێردا دەسووڕایەوە، هاواری دەکرد و زۆرجاریش مۆبایلێکی بە دەستەوەبوو بە تەلەفۆن بە گریانەوە قسەی دەکرد. شەو هەبوو لەبەردەم دووکان و شەویش هەبوو لەنێو پارکەکانی نزیک لە چواڕیانی پیشەییەکان دەخەوت.
 
رووداو، دۆخی ئەو کچەی گەیاندە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان. ئاریان ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتەکە ئەمڕۆ بە رووداوی گوت "ئایە تاوەکو 18 ساڵی لە خانەی بێسەرپەرشتان بەخێوکراوە و ئەوەی لەسەر ئەرکی وەزارەتمان و حکومەت بووە، جێبەجێی کردووە".
 
ئاریان ئەحمەد دەڵێت "بە هەوڵی هەموو لایەک، کە ئایە 18 ساڵی تەواو کرد، خانووی بۆ کڕدرا بۆ ئەوەی بێ ماڵ نەبێت. ئێستا نازانین بۆ کەوتووەتە سەر شەقام".
 
ئەوانەی لە خانەی بێسەرپەرشتان گەورە دەبن، تاوەکو تەمەنی 18 ساڵی لە ئەستۆی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیدان.
 
 
گوتەبێژی وەزارەتی کۆمەڵایەتیی ئاماژەی بەوەشکرد، پێش ئەوەی ئایە ببەنە خانووی خۆی، دایکیان دۆزیوەتەوە و رادەستی برایەکیان کردووەتەوە؛ گوتیشی "هەموو ئەرک و مافێکی ئەو کچە، لە ئەستۆی براکەیدایە".
 
هەر ئەمڕۆ لە ئەزلایڤێک دا، ئایە بۆ پەیامنێری رووداو قسەی کرد و گوتی "براکەم خانووەکەی بردووە لە من و فرۆشتوویەتی و رۆیشتووە".
 
ئایە وەکو خۆی گوتی "زۆر بچووک بووم لە خانەی بێسەرپەرشتان دەژیام، باوکم شەهید کراوە و نەمبینیوە، دایکیشم مێردی کردووەتەوە. براکەشم هاتە خانەکە و مۆری کرد و منی بردەوە".
 
ئایە بە گوتەی خۆی بێت، برا و براژنەکەی "ئازاریان داوە و زێڕەکانیشیان بە زۆر لێ بردووە، بۆیە ماڵی جێهێشتووە".
 
دوای بەدواداچوونەکەی رووداو، راگەیاندنی پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "ئەو کچەی لە کەناڵی رووداو راپۆرتی لە سەر کرا، لە نووسینگەی پارێزگاری هەولێر لە سەر فەرمانی پارێزگار (ئومێد خۆشناو) بۆ خانەی داڵدەدانی ئافرەتانی هەولێر گوێزرایەوە".
 
لە بەدوداچوونەکەی رووداودا شێخ زەیتۆ تۆفیق، بەڕێوەبەری چاودێریی کۆمەڵایەتیی هەولێر گوتی "کاتێک خانوو بۆ ئایە کڕدرا، نووسراومان کرد، تاپۆی نیوەی خانووەکە و مووچەکەی باوکیشی بە ناوی ئایەوە بکرێت، ئێستا نازانین بۆ کەوتووەتەوە شەقام".
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 سەلاح دەروێش، سکرتێری گشتیی پارتی دیموکراتی پێشڤەرۆ لە سووریا میوانی بووڵتنی دلبخوین دارا بوو

پارتی پێشڤەرۆ لە سووریا: شاندی یەکگرتووی کوردی 9 ئەندامی دەبێت

سکرتێری پارتی پێشڤەرۆ لە سووریا دەڵێت، تاوەکو ئێستا بانگهێشتنامەی فەرمییان بۆ بەشداری لە کۆنفرانسی نەتەوەیی پێنەگەیشتووە. گوتیشی، ''کۆنفرانسەکە تەنیا بۆ قبووڵکردنی بۆچوونێکی هاوبەشە لەنێوان لایەنەکان.''