بەرپرسانی دەروازەی حاجی ئۆمەران و تەمەرچین هەموو مانگێک سەردانی یەکدی دەکەن

02-02-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ شاندێکی دەروازەی تەمەرچینی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەردانی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەرانی کرد. گوتەبێژی دەروازەی حاجی ئۆمەران دەڵێت، "بۆ برەودان بە پەیوەندییەکانمان مانگانە سەردانی یەکدی دەکەین."
 
رۆژی یەکشەممە، 2ـی شوباتی 2025، سیروان حوسێن، گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ شاندێکی دەروازەی تەمەرچینی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەردانیان کردین بۆ برەودان بە هەوئاهەنگی و پەیوەندییەکانی نێوانمان و مانگانە کۆدەبینەوە."
 
گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران دەڵێت، "مانگی داهاتوو ئێمە سەردانیان دەکەین، مانگێک ئێمە و مانگێک ئەوان سەردانمان دەکەن ئەمەش بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانمان."
 
ئەمڕۆ دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران بڵاویکردەوە، "مەسعود باتێلی، سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران، بە ئامادەبوونی هێمن مستەفا، بەڕێوەبەری گومرگی حاجی ئۆمەران و بەرپرسانی دەروازەکە پێشوازی کرد لە ئاغا رەزایی، بەڕێوەبەری پایانەی تەمەرچینی ئێران و شاندی یاوەری."
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "چەند تەوەرێکی گرنگ باس کران و لە دوای هەڵسەنگاندنی بارودۆخی جموجۆلی بازرگانی و گەشتیاری، تیشک خرایە سەر هەماهەنگییەکان، بەردەوامی پەیوەندییەکان، چارەسەرکردنی کێشە و گرفتی پەیوەست بە ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران کە لەم دەروازەیە هەیە."
 
دەروازەکە ئاماژە بەوە دەکات، "سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران دەستخۆشی لە ستاف و تیمەکانی هەردوو لایەن کرد، بۆ ئەو لێکتێگەیشتن و هاوئاهەنگییە بەردەوامەی لەنێوان دەروازەی حاجی ئۆمەران و دەروازەی تەمەرچین هەیە."
 
راگەیێندراوەکە باس لەوە دەکات، "سەرپەرشتیار پێشنیازی ئەوەی بۆ بەرپرسانی گومرگی تەمەرچین کرد، بۆ ئەوەی ترافیکی زیاتر دروست نەبێت لە هەردوو دەروازەکە و ئەو کاڵایانەی بە کاری دەستی ناگوازرێنەوە دەتواندرێت لەناو گۆڕەپانی دەروازەی حاجی ئۆمەران یان دەرەوەی دەروازە لە قەزای چۆمان ئاڵوگۆڕیان پێبکرێت." 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە