رووداو دیجیتاڵ
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق دەڵێت، رووداوی هێرشکردنە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر جگە لە هەڵگیرساندنی ئاگرێکی کەم، زیانی دیکەی گیانی و مادی لێ نەکەوتووەتەوە.
ئەمشەو، 02-02-2025، شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق رایگەیاند، بەهۆی هێرشەکەوە، "ئاگرێکی کەم لەنزیک خەزانی سووتەمەنیی کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە سنووری چەمچەماڵ کەوتەوە، بەڵام زیانی گیانی و مادی نەبووە و کاری نەکردووەتە سەر ئاستی بەرهەمهێنان".
نزیک کاژێر 19:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، هێرش کرایەسەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ. وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان زوو رایگەیاند، هیچ زیان بە کێڵگەکە و کۆمپانیای دانە گاز نەگەیشتووە.
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق دەڵێت، محەممەد شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بەدواداچوونی بۆ رووداوەکەی کێڵگەی کۆرمۆر کرد و "فەرمانی بە پێکهێنانی لیژنەیەکی ئەمنیی تەکنیکی دا بۆ زانینی وردەکارییەکانی رووداوەکە".
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، "هەر هەوڵێک بۆ تێکدانی ئابووریی وڵات و زیان گەیاندن بە بژێوی و بەرژەوەندییەکانی خەڵک، هەوڵێکە دژی هەموو عێراقییەکان و هێزە ئەمنییەکانمان رێگە بەمە نادەن و کار لەسەر بەدواداچوونی هەموو وردەکارییەکانی ئەم رووداوە دەکەن و توانای کۆنترۆڵکردنی هەموو هەوڵە بێبەهاکان و سزادانی هەر کەسێکیان هەیە کە هەوڵی تێکدانی ئاسایشی ئابووریی وڵات بدات".
کێڵگەی کۆرمۆر دەکەوێتە شارۆچکەی قادر کەرەم لە قەزای چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی، کۆمپانیای دانەگاز و نەوتی هیلالی ئیماراتی وەبەرهێنانی تێدا دەکەن. کێڵگەکە یەکێکە لە ناوچە دەوڵەمەندەکان بە سامانە سرووشتییەکان، بەتایبەت گاز.
دوای تێپەڕبوونی 15 مانگ بەسەر پڕۆژەکە و لە تشرینی یەکەمی 2008، بەرهەمهێنانی گاز لە کۆرمۆر دەستیپێکرد لە وێستگەیەک کە تازە دروستکرابوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ