نێردەی ترەمپ بۆ کاروباری ئۆکراینا داوای نەرمی نواندن لە کیێڤ و مۆسکۆ دەکات

02-02-2025
نیاز مستەفا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

نێردەی ترەمپ بۆ کاروباری ئۆکراینا رایگەیاند، ئەگەر رووسیا و ئۆکراینا بیانەوێت چارەسەرێک بۆ جەنگی نێوانیان بدۆزرێتەوە، پێویستە هەردوولا "کەمێک" نەرمی بنوێنن. 
 
رۆژی یەکشەممە، 2ـی شوباتی 2025، کیس کێلۆگ، نوێنەری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە ئەگەری ئاگربەست بۆ جەنگی ئۆکراینا گوتی، "پێموایە پێویستە هەردوولا واز لە بەشێک لە داواکارییەکانیان بێنن". 
 
سەبارەت بە گەورەترین بەربەستی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا کێلۆگ ئاماژەی بەوە کرد، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا و ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا نایانەوێت دەست لەو خاکە هەڵگرن کە داوای دەکەن. 
 
رووسیا چەند مەرجێکی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ هەیە، دیارترینیان مانەوەی ئەو بەشەی خاکی ئۆکراینایە لە دەستی وڵاتەکەی کە ئێستا کۆنترۆڵی کردوون و نەبوونە ئەندامی ناتۆی کیێڤە. ئۆکرایناش هەردوو مەرجەکە رەتدەکاتەوە. 
 
سەبارەت بەوەی ماوەی گفتوگۆکان بۆ ئاگربەست چەند دەخایێنێت، کێلۆگ دەڵێت: لەوانەیە چەند مانگێک بخایێنێت. 
 
رۆژی سێشەممەی رابردوو، سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، ئامادەن گفتوگۆی ئاگربەست لەهەڵ بەرپرسانی ئۆکراینا بکەن جگە لە زیلینسکی چونکە سەرۆکێکی بەسەرچووە. لە بەرامبەردا سەرۆکی ئۆکراینا گوتی، سەرۆکی رووسیا لە گفتوگۆ "دەترسێت". 
 
بەهۆی جەنگەوە ئۆکراینا هیچ هەڵبژاردنێکی نەکردووە. نێردەی ترەمپیش لەو بارەیەوە دەڵێت، ئەمە ئاساییە چونکە دەستووری ئۆکراینا رێگەی بەمە داوە، مەبەستەکەی یاسای سەربازییە. 
 
شوباتی 2022 جەنگی ئۆکراینا و رووسیا دەستیپێکرد و نزیکەی سێ ساڵە بەردەوامە. ترەمپ چەند جارێک ئاماژەی بەوە کردووە، دەیەوێت بە زووترین کات کۆتایی بەو جەنگە بهێنێت و ئەگەر ئەو سەرۆک بوایە، رێگەی نەدەدا ئەو جەنگە رووبدات. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە