پەیامی مەسرور بارزانی لەبارەی هەمواری یاسای بودجە و کێشەی مووچە

02-02-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە پەسندکردنی یاسای بودجە دەکات لەلایەن پەرلەمانی عێراق و دەڵێت، "هیوادارین ببێتە سەرەتایەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی دیکە".
 
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "دەستخۆشی لە هەموو ئەوانە دەکەین هاوکاربوون لە سەرخستنی هەموارکردنەکە. هەروەها سوپاسی تیمی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمیش دەکەین بۆ کارکردن لەپێناو دانانی میکانیزمی چارەسەرکردنی کێشەی مووچە". 
 
پەرلەمانى عێراق، رۆژی 2ـى شوباتى 2025، یەکەم هەموارى یاسای بودجەى سێ ساڵی عێراقى پەسەندکرد، هەموارەکە بڕگەى (ج) لە بەندى یەکەمى مادەى 12ـى یاساکەى هەڵوەشاندەوە و داڕشتەیەکى نوێى جێگیر کرد.
 
هەموارەکە تایبەت بە بەرهەمهێنان، گواستنەوە و رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، کە 16 دۆلاری وەکو تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەى بەرمیلێک نەوت دیاریکردووە، تاوەکو ئەو کاتەى لایەنێکى نێودەوڵەتیی راوێژکاری، نرخێکى خەمڵێندراو دیاری دەکات، دەبێت هەرێمى کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەست بکات.
 
مەسرور بارزانی دەڵێت، "هیوادارین ئەم هەنگاوە ئەرێنییەی هەموارکردنی یاسای بودجە، ببێتە سەرەتایەک بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشەکانی دیکە و پابەندبوونی حکومەتی فیدراڵ بە ناردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان".
 
هەر ئەمڕۆ، محەممەد شیاع سوودانی "سوپاسی پەرلەمانی عێراق" کرد بۆ پەسندکردنی هەمواری یاسای بودجە و داوا دەکات، حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق "دەستبەجێ دەست بکەن بە کارکردن" بەو هەموارە نوێیە بۆ وەبەرهێنانی نەوت بۆ ئەوەی ببێتە هاندەرێک بۆ پتەوکردنی سەقامگیری و جێبەجێکردنی کارنامەکانی حکومەت.
 
دەقی پەیامی مەسرور بارزانی:
 
پێشوازیی لە دەنگدانی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەران لە سەر هەمواری یاسای بودجەی فیدراڵ دەکەین. 
 
دەستخۆشی لە هەموو ئەوانە دەکەین هاوکاربوون لە سەرخستنی هەموارکردنەکە. هەروەها سوپاسی تیمی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمیش دەکەین بۆ کارکردن لەپێناو دانانی میکانیزمی چارەسەرکردنی کێشەی مووچە. 
 
هیوادارین ئەم هەنگاوە ئەرێنییەی هەموارکردنی یاسای بودجە، ببێتە سەرەتایەک بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشەکانی دیکە و پابەندبوونی حکومەتی فیدراڵ بە ناردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە