رووداو دیجیتاڵ
لە ئامەدی باکووری کوردستان، 230 ماڵباتی زیانبەرکەوتووی بوومەلەرزەکەی 6-2-2023 لەلایەن وەزارەتی ژینگە و شارسازیی تورکیاوە وارخانە (شوقە)یان پێدرا.
لە ئامەد 956 داواکاری پێشکێش بە وەزارەتی ژینگە و شارسازیی تورکیا کراوە. ئەو فۆرمە تایبەتە بە پڕۆژەی نۆژەنکردنەوە و قەرەبووکردنەوەی زیانبەرکەوتووانی بوومەلەرزەکەی 6-2-2023 کە چەقەکەی مەڕەشی باکووری کوردستان بوو و زیانی گیانی و ماڵیی زۆری بە 11 پارێزگا گەیاند.
لە ناوەندی ئامەد، کاری بیناسازیی 5 باڵەخانە بەردەوامە کە 190 وارخانەیان تێدایە. هەروەها لە دەوروبەر کارەکانی 230 وارخانە لە کۆی 789 وارخانە تایبەت بە زیانبەرکەوتووانی بوومەلەرزە تەواوکران.
بەگوێرەی پلانەکانی حکومەتی تورکیا، بۆ هەر یەک لەو ماڵباتانە 750 هەزار لیرە (نزیکەی 21 هەزار دۆلار) وەکو هاوکاری دەدرێت. هاوکات هەر ماڵباتێک دەتوانێت 750 هەزار لیرەی دیکە وەکو قەرزی مەودا درێژ رابکێشێت. ئەو قەرزە تایبەتە بە زیانبەرکەوتووانی بوومەلەرزە.
ئەو 230 وارخانەیە بە خاوەنەکانیان دران و زیانبەرکەوتووانی بوومەلەرزە ئیدی لە ماڵی خۆیانن.
بەگوێرەی ئامارەکان لە ئامەدی باکووری کوردستان، 411 کەس بەهۆی بوومەلەرزەکەی مەڕەش گیانیان لەدەستدا.
رۆژی 6ـی شوباتی 2023، دوو بوومەلەرزە بە گوڕی 7.7 و 7.6 پلەی رێختەر کە چەقەکەیان پارێزگای مەرەش بوو، 11 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستانیان هەژاند. بەگوێرەی ئاماری فەرمیی دەوڵەتی تورکیا، ژمارەی گیانلەدەستدان لە بوومەلەرزەکانی مەرەش و دەوروبەری، زیاتر 50 هەزار کەس بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ