رووداو دیجیتاڵ
نزیک کاژێر 19:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، هێرش کراوەتەسەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ و بەپێی زانیارییەکانی رووداو، هێرشەکە بە درۆن بووە. وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دەڵێت، هیچ زیان بە کێڵگەکە و کۆمپانیای دانە گاز نەگەیشتووە.
هێرشەکە ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، 02-02-2025، بوو. رەمک رەمەزان، قایمقامی چەمچەماڵ بە رووداوی گوت، هێرشەکە "نازانین بە کاتیۆشا بووە یان درۆن".
قایمقامی چەمچەماڵ باسی لەوە کرد، "زیانی گیانی نەبووە و لە دەرەوەی کەمپەکەی داوە".
هاوکات، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەی گازی کۆرمۆر ئاساییە و پەستانی غاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا تائێستا ئاساییە و هەڵسەنگاندن بۆ زیانە مادییەکانی هێرشەکە دەكرێت".
شایەتحاڵێک لە کێڵگەکەوە بە رووداوی گوت، "لە شوێنی هێرشەکەدا دووکەڵێکی رەش بەرزبووەتەوە".
ئەندامێکی تیمە ئەمنییەکانی کێڵگەکە بە رووداوی راگەیاند، "تیمە ئەمنییەکان لە هەوڵی دوورخستنەوە و پاراستنی کارمەندەکاندان".
بەگوێرەی زانیارییەکانی پێشەوا بەختیار، پەیامنێری رووداو کە لە چەند کەسێکی نێو کێڵگەکەوە وەریگرتوون، رووداوەکە "دەنگێکی ئێجگار بەهێزی هەبووە و ئەو چەکانەی بۆ پاراستنی کێڵگەکە دانراون، تەقەیان کردووە و ئەوانەی لەوێن کۆکراونەتەوە و براونەتە شوێنی پارێزراو".
پەیامنێری رووداو باسی لەوە کرد، بڕیاری قەدەخەی چوون و هاتن بۆ نێو کێڵگەکە دراوە.
کێڵگەی کۆرمۆر دەکەوێتە شارۆچکەی قادر کەرەم لە قەزای چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی، کۆمپانیای دانەگاز و نەوتی هیلالی ئیماراتی وەبەرهێنانی تێدا دەکەن. کێڵگەکە یەکێکە لە ناوچە دەوڵەمەندەکان بە سامانە سرووشتییەکان، بەتایبەت گاز.
دوای تێپەڕبوونی 15 مانگ بەسەر پڕۆژەکە و لە تشرینی یەکەمی 2008، بەرهەمهێنانی گاز لە کۆرمۆر دەستیپێکرد لە وێستگەیەک کە تازە دروستکرابوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ