دەستەی مافی مرۆڤ رەتیدەکاتەوە نوێنەری مامۆستایانی گرێبەست دەستگیرکرابێت

02-02-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

نوێنەرێکی مامۆستایانی ناڕازی لە سنووری پارێزگای هەولێر دەڵێت: "ئاسایش دەستگیری کردم"، بەڵام دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ دەڵێت، بەدواداچوونیان کردووە و ئاسایشی هەولێر رەتیدەکاتەوە ئەو نوێنەرەیان دەستگیرکردبێت. 
 
دوێنێ شەو هەواڵی دەستگیرکردنی عەلی رەئووف، نوێنەرێکی مامۆستایانی گرێبەست بڵاوبووەوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی بانگەوازی بۆ خۆپێشاندان لە دهۆک و هەولێر کردبوو.
 
رۆژی یەکشەممە، 2ـی شوباتی 2025، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "ئاسایشی هەولێر پێیان گوتووین هیچ کەسێک بە ناوی (عەلی رەئووف) لەسەر بابەتی خۆپێشاندان لای ئەوان دەستگیر نەکراوە."
 
دەستەی مافی مرۆڤ دەڵێت، تیمێکیان پرسیاریان لە ئاسایش کردووە لەسەر دەستگیرکردنی ئەو نوێنەرەی مامۆستایان و رێگریی لە خۆپێشاندان، بەڵام ئەوان گوتوویانە، "هیچ رێگرییەک نەبووە و مامەڵەی گونجاویان لەگەڵ کراوە".
 
هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، دەستەی مافی مرۆڤ بەدواداچوون بۆ راستیی رووداوەکان دەکات و "بەهیچ جۆرێک سڵ ناکاتەوە بۆ داکۆکیکردن لە مافی هاووڵاتییان بە گشتی لە هەر کوێ بن و لە کوێ پێویست بێت".
 
هاوکات عەلی رەئووف بە رووداوی گوت، "دوێنی شەو لەکاتی نانخواردن لە چێشتخانەیەکی هەولێر لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیرکرام، تاوەکو ئەمڕۆ کاژێر 01:30ـی دوای نیوەڕۆ دەستبەسەر بووم."
 
شەش رۆژە ژمارەیەک فەرمانبەر و مامۆستای ناڕازیی سلێمانی مانیان لە خواردن گرتووە، خێوەتیان لەبەردەم ئۆفیسی نەتەوە یەکگرتووەکان هەڵداوە. ئەمە بووەتە هۆی دابڕانی دەیان هەزار قوتابی لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئەمەش ناڕەزایەتیی بەشێک لە دایک و باوکان لێکەوتووەتەوە.
 
چۆڵکردنی قوتابخانە و بایکۆت لە وەرزی دووەمی خوێندندا بۆ مووچەی مانگەکانی 12 و یەکە، لەکاتێکدا حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانیش رایانگەیاندووە کە ناردن و دابەشکردنی مووچەی مانگی کانوونی دووەم (یەک) بڕیاری لەسەر دراوە. 
 
هەروەها ئەو مامۆستا مانگرتووانە داوای "رێککردنەوەی کاتی دابەشکردنی مووچە، پلەبەرزکردنەوە و بەجێکردنی مووچە (تەوتین) دەکەن. لەکاتێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان پرۆژەی 'هەژماری من'ی بۆ بەبانکیکردنی مووچە دروستکردووە و لە عێراقیش بە فەرمی ناسێنراوە و دانی پێدا نراوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

تەندروستیی هەردوو منداڵەکە و دایکیان جێگیرە.

دوو منداڵی پێکەوە لکاو لەدایکبوون؛ یەک دڵ و جگەریان هەیە

جەنات و بەرەکات ناوی ئەو دوو منداڵە پێکەوە لکاوەیە کە لەنەخۆشخانەی ژنان و منداڵانی کەرکووک لە دایکبوون. هەردووکیان یەک دڵ و جگەریان هەیە و سکیان پێکەوە لکاوە.