شارەوانیی رانیە: بڕی ئەو قەرەبووەی دانراوە کێشە بۆ دابەشكردنی زەوی دروست دەکات

02-02-2025
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی شارەوانیی رانیە دەڵێت، پار بە بەهای زیاتر لە دوو ملیار دینار پڕۆژەی خزمەتگوزارییان لە قەزاکەدا جێبەجێ کردووە، رەزامەندیی خەرجکردنی 7 ملیار دیناریشیان هەیە. دەشڵێت، ئەو رێژەیەی بۆ قەرەبووی خاوەن زەوییەکان تەرخانکراوە، کێشە بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دروست دەکات.

بەرهەم رەسووڵ، سەرۆکی شارەوانیی رانیە میوانی پۆدکاستی مژار بوو لە رادیۆی رووداو، باسی لە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی شارەکە کرد و گوتی، ئەو پڕۆژانەی پار لە رانیە جێبەجێکراون، چەند جۆرێک بوون، ئەوانەی لەسەر داهاتی فرۆشتنی زەوی بوون هەموویان جێبەجێکراون کە 11 پڕۆژە بوون و بەهاکەیان زیاتر لە 752 ملیۆن دینار بووە.
 
سەرۆکی شارەوانیی رانیە ئاماژەی بەوەدا، کۆمەڵێک پڕۆژەیان هەبوو، کە رەزامەندیی وەزارەتی داراییان هەبووە، بەشێکیان پارەیان بۆ تەرخانکراوە و بۆیان خەرجکراوە، کە 155 ملیۆن دینار بووە، وەکو کۆنکرێتی ناوچەی پیشەسازی، ئاوەڕۆی گەڕەکی رزگاری و شادی و کۆنکرێتی چەند کۆڵانێک لە گەڕەکی قەڵات.
 
لەبارەی ئەو پڕۆژانەی لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی بوون، بەرهەم رەسووڵ دەڵێت، ئەو پڕۆژانە رەزامەندیی وەزارەتی شارەوانی و ئەنجوومەنی وەزیرانیان هەبووە، کاریان تێداکراوە، بەڵام قەیرانی دارایی و نەبوونی نەختینە کاریگەری هەبووە لەسەریان.
 
بێجگە لەو پڕۆژانە، وەکو سەرۆکی شارەوانیی شارەکە دەڵێت، لەسەر بودجەی پەرەپێدانی ئیدارەی راپەڕین چەند پڕۆژەیەک جێبەجیکراون، لەوانە رێگەی بەردەم زانکۆی راپەڕین، کۆنکرێتی ناوچەی پیشەسازیی یەک. 
 
بەگوتەی بەرهەم رەسووڵ، پار لەلایەن خەڵکی خێرخواز و سەرمایەدارانەوە زیاتر لە ملیارێک دینار پڕۆژەی خزمەتگوزاری جێبەجێکراوە، کە هاوکارێکی باش بووە بۆیان.
 
پار ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رەزامەندی دا لەسەر تەرخانکردنی 7 ملیار دینار بۆ شاری رانیە. سەرۆکی شارەوانیی رانیە دەڵێت، "ئەو 7 ملیار دینارە بۆ چەند پڕۆژەیەکە، دوو پڕۆژەی گرنگمان کە بەهاکەیان زیاتر لە 4 ملیار دینارە، قیرتاوکردنی پێنج گەڕەک و بەشێک لە شەقامی 60 مەتری. دوو جار تەندەری بۆ کرابوو، بەهۆی بوونی مەرجێک [تەواوکردنی پڕۆژەکە لەکاتی بوون و نەبوونی نەختنە]، بۆیە کۆمپانیاکان ئامادە نەبوون وەریبگرن، بەڵام ئێستا وەزارەتی شارەوانی مەرجەکەی لابردووە و بڕیارە سبەی دووبارە تەندەر بکرێتەوە، بۆ ئەوەی بدرێتە بەڵێندەران."
 
لەنێو شاری رانیە 44 باخچە و زیاتر لە 10 دوورگەی ناوەندیی شەقامەکان هەن لەگەڵ پارکێکی گەورە لەسەر رووبەری 14 دۆنم. 
 
بەیانیی ئەمڕۆ بەشێک لە کارمەندانی باخەوان و ئاودانی باخچەکان، کە بۆ کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت کاردەکەن لەبەردەم شارەوانیی رانیە گردبوونەوە، دەڵێن، مووچەکانیان خەرج ناکرێت.
 
سەرۆکی شارەوانیی رانیە دەڵێت: "ئەو کۆمپانیای ئەمڕۆ لەبەردەم شارەوانیی خۆپێشاندانیان کردبوو، گرێبەستی هەبوو کە خزمەتی باخچەکانی شارەکە بکات، بەڵام ساڵی رابردوو وەکو پێویست خزمەتی شارەکەی نەکردووە، ئێستاش هەوڵدەدات ئەو کارمەندانە بۆ گوشارکردن بەکاربهێنێت."
 
بەرهەم رەسووڵ گوتیشی: "کۆمپانیای کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک لە 2022وە کێشەکەی چارەسەرکراوە و لەلایەن ئیدارەی گشتیی یەکێتییەوە بودجەی بۆ دابینکراوە."
 
لەدوای بڕیاری حکومەت لە ئاداری 2024 بۆ دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران، زۆرینەی شارەوانییەکان ئامادەکارییان بۆ دابەشکردنی زەوی کرد. 
سەرۆکی شارەوانیی رانیە دەڵێت: "لەسەر بابەتی تەرخانکردنی زەوی بۆ فەرمانبەران، کێشەیەکمان هەیە، ئەو رێژەیەی دیاریکراوە وەکو قەرەبووی جووتیاران و خاوەن زەوییەکان کە 2٪ـە، کەمە. لەڕێگەی ئیدارەی راپەڕینەوە داوامان کردووە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیارێکی تایبەت بە سنووری راپەڕین دەربکات بۆ پرسی قەرەبووی خاوەن زەوییەکان، چونکە رێژەکە گرفتمان بۆ دروست دەکات."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

تەندروستیی هەردوو منداڵەکە و دایکیان جێگیرە.

دوو منداڵی پێکەوە لکاو لەدایکبوون؛ یەک دڵ و جگەریان هەیە

جەنات و بەرەکات ناوی ئەو دوو منداڵە پێکەوە لکاوەیە کە لەنەخۆشخانەی ژنان و منداڵانی کەرکووک لە دایکبوون. هەردووکیان یەک دڵ و جگەریان هەیە و سکیان پێکەوە لکاوە.