شارەوانیی کەرکووک بۆ رووداو: رێژەی سەوزاییمان 3٪یە

02-02-2025
ژیڤان بەکر
A+ A-

هەولێر دیجیتاڵ

پارێزگاری کەرکووک بڕیاری دا هەر کۆمپانیایەک بیەوێت لەو شارە کار بکات، دەبێ 1000 دار بچێنێت. ژینگەپارێزیش دەڵێت، "پێویستە دارەکان لەگەڵ کەشی شارەکە بگونجێن و ئاوی کەمیان بوێت."

رۆژی یەکشەممە، 02-02-2025، عەدنان حەمەشوکر، گوتەبێژی شارەوانیی کەرکووک بە رووداوی راگەیاند، پڕۆژەی چاندنی 1000 دارەکەی پارێزگاری کەرکووک بە فەرمی جێبەجێی دەکەین. بە گوتەی عەدنان حەمەشوکر، رێژەی سەوزایی لە پارێزگای کەرکووک تەنیا 3٪یە.
 
رۆژی 17-12-2024، رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک لە بەرنامەی بێستوون تۆک بە رووداوی گوت، "پێشتر ئەستێرەمان لە ئاسمانی شاری کەرکووک دەبینی، ئێستا نایانبینین کەواتە ژینگەمان پیسە. هەر کۆمپانیایەک بیەوێ لە پارێزگای کەرکووک ئیش بکات، دەبێت 1000 دارمان بۆ بێنێت. پێویستە تێچووی چاندنی دارەکەیش بدات. لەسەردەمی من، هیچ کۆمپانیایەک پڕۆژە وەرناگرێت ئەگەر هەزار دار نەچێنێت."
 
لەبارەی بەردەوامبوون و ئاودانی ئەو دارانەی لە پارێزگاکە چێنراون، عەدنان حەمەشوکر، گوتەبێژی شارەوانیی کەرکووک گوتی: "زۆربەی گەڕەک و شوێنەکانی کەرکووک کێشەی کەمئاویان هەیە. بەشی باخچەکان هەوڵی دا بیر هەڵکەنێت، بەڵام ئاویان تێدا نییە. هاوکات ئاودان بە تەنکەریش کاتییە و کێشەکە چارەسەر ناکات."
 
گوتەبێژی شارەوانیی کەرکووک ئاماژەی بەوەدا، لە زۆربەی رووبەرە سەوزاییەکانی کەرکووک سیستمی دڵۆپاندنیان داناوە؛ بەڵام دەڵێت: "ئاو نەبێت، ئەو سیستمەیش کاریگەری نابێت و کێشەکە چارەسەر ناکات."
 
شکۆفە ساڵەیی، ژینگەپارێز بە رووداوی گوت، "پڕۆژەکەی پارێزگاری کەرکووک، هەوڵێکی باشە بۆ سەوزکردنی شارەکە." ئەو ژینگەپارێزە تێبینی لەسەر هەندێک لەو هەڵمەتانەی دار چاندن هەیە کە لە کەرکووک دەکرێن و دەڵێت: "ئەو جۆرە دارە ناهێنن کە لەگەڵ کەشوهەوای شارەکە دەگونجێت. یان ئەو جۆرە نەمام و شتڵانە ناهێنن کە ئاوی کەمی بوێت".
 
رواندنی یەک ملیۆن دار، دەکاتە رێژەی 1٪ـی رووبەری پانتایی سەوزایی لە هەر ناوچەیەکدا. بۆ هەر 100 مەتر دووجا، پێویستە لە 15٪ـی رووبەری سەوزایی بێت. شکۆفە ساڵەیی لەبارەی رێژەی سەوزایی شارەکەوە دەڵێت، "بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی زانکۆی کەرکووک، کە لەڕێگەی مانگی دەستکردەوە کراوە؛ رێژەی سەوزایی لە پارێزگای کەرکووک بە 3٪ دیاریکردووە، بەڵام پێویستمان بە 15٪ـە."
 
شکۆفە ساڵەیی، چالاکی ژینگەپارێز لەبارەی رێژەی پیسی هەوای پارێزگای کەرکووک دووپاتیکردەوە، "پێنج ئامێرمان هەن لە شوێنی جیادا رێژەی پیسی هەوای شارەکە دەپێون. مانگانە دوو بۆ سێ جار خوێندنەوە وەردەگیرێت. دەبێت رێژەی هەوا لە 10 مایکرۆمیتەر تێپەڕ نەکات، بەڵام هەوای کەرکووک لە 15 بۆ 22 مایکرۆمیتەر تێپەڕ دەکات."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

تەندروستیی هەردوو منداڵەکە و دایکیان جێگیرە.

دوو منداڵی پێکەوە لکاو لەدایکبوون؛ یەک دڵ و جگەریان هەیە

جەنات و بەرەکات ناوی ئەو دوو منداڵە پێکەوە لکاوەیە کە لەنەخۆشخانەی ژنان و منداڵانی کەرکووک لە دایکبوون. هەردووکیان یەک دڵ و جگەریان هەیە و سکیان پێکەوە لکاوە.