رووداو دیجیتاڵ
کچێک لە شاری هەولێر لە ماڵ دەرچووە و لە دۆخێکی دەروونیی ناجێگیردا شەو و رۆژ لە شەقام دەمێنێتەوە. بەڕێوەبەری چاودێریی کۆمەڵایەتی دەڵێت، ئەو کچە تاوەکو 18 ساڵی لە خانەی بێسەرپەرشتان بووە و دواتر خانووی بۆ کڕدراوە و رادەستی برایەکی کراوەتەوە.
کچەکە ناوی (ئایە)یە و لە بیستەکانی تەمەنیدایە، ئێستا شەو و رۆژ بە چەند شەقامێکی هەولێردا دەسووڕێتەوە، هاوار دەکات و زۆرجاریش مۆبایلێکی بە دەستەوەیە و بە تەلەفۆن بە گریانەوە قسە دەکات. شەو هەیە لە بەردەم دووکان و شەویش هەیە لەنێو پارکەکان دەخەوێت.
ئاریان ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیای رووداوی گوت: "ئایە تاوەکو 18 ساڵی لە خانەی بێسەرپەرشتان بەخێوکراوە و ئەوەی لەسەر ئەرکی وەزارەتمان و حکومەت بووە، جێبەجێی کردووە".
ئەوانەی لە خانەی بێسەرپەرشتان گەورە دەبن، تاوەکو تەمەنی 18 ساڵی لە ئەستۆی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیدان.
ئاریان ئەحمەد دەڵێت: "بە هەوڵی هەموو لایەک، کە ئایە 18 ساڵی تەواو کرد خانووی بۆ کڕدرا بۆ ئەوەی بێ ماڵ نەبێت. ئێستا نازانین بۆ کەوتووەتە سەر شەقام".
گوتەبێژی وەزارەتی کۆمەڵایەتیی ئاماژەی بەوەشکرد، پێش ئەوەی ئایە ببەنە خانووی خۆی، دایکیان دۆزیوەتەوە و رادەستی برایەکیان کردووەتەوە؛ گوتیشی: "هەموو ئەرک و مافێکی ئەو کچە لە ئەستۆی براکەیدایە".
شێخ زەیتۆ تۆفیق، بەڕێوەبەری چاودێری کۆمەڵایەتیی هەولێرە و ئاگاداری دۆسیەی ئایەیە و تاوەکو 18 ساڵی بەدواداچوونی بۆ دۆخی کردووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە شێخ زەیتۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئایە تاوەکو 18 ساڵی لای ئێمە بوو، دواتر برایەکەی کە لە دەرەوەی وڵات بوو گەڕایەوە و گوتی دەیباتە لای خۆی و پێکەوە خانوو دەکڕن".
بەڕێوەبەری چاودێری کۆمەڵایەتیی هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد، هەرچەند لە ئەستۆی ئەواندا نەماوە، بەڵام ئاگاداری دۆخی ئایەیە و گوتی: "ئەو کاتەی خانوو بۆ ئایە و براکەی کڕدرا، ترسی رۆژێکی لەم جۆرەمان هەبوو، بۆیە نووسراومان بۆ تاپۆ کرد و دڵنیا بووینەوە ئەو خانووەی کە کڕدراوە نیوەی تاپۆکەیە بە ناوی ئایەوەیە".
شێخ زەیتۆ گوتیشی: "ئایە بەهۆی دۆخی دەروونییەوە ناتوانێت لە شێڵتەرەکاندا بێت، دەبێت ببرێتە سەنتەرێکی تایبەت کە ئێستا سەنتەرێکی لەو جۆرە لە سلێمانی کراوەتەوە و لە هەولێریش وەزارەتی تەندروستی سەرقاڵی نۆژەنکردنەوەی باڵەخانەیەکە بۆ ئەو سەنتەرە".
بەڕێوەبەری چاودێری کۆمەڵایەتیی هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد، باوکی ئایە مووچەی شەهیدانەی هەیە و ئەوان بە نووسراو داوایان لە لایەنی پەیوەندیدار کردووە کە دەبێت نیوەی مووچەی باوکیان بۆ ئایە بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ