بازاڕی خانووبەرە لە هەولێر سست بووە؛ هۆکارەکان چین؟

رووداو دیجیتاڵ

ساڵی 2023 بۆ کۆمپانیاکانی خانووبەرە لە هەولێر ساڵی سستی بازاڕ بوو، بێ بازاڕی گوشاری بۆ هێناون. وەکو خۆیان دەڵێن، ئێستا بەشێک لە کۆمپانیاکان ناچارن هەندێک لە لقەکانیان دابخەن و بەوهۆیەوە کارمەندەکانیش لە کارەکان دووردەخەنەوە. 
 
یەکێک لە نووسینگەکانی خانووبەرە چەند ساڵێک لەمەوبەر جمەی دەهات لە کڕیار و فرۆشیاری خانووبەرە، بەڵام چەند مانگێکە بەهۆی سستی بازاڕەوە داخراوە. 
 
سەردار ئازاد خاوەنی کۆمپانیایەکی خانووبەرەیە لە هەرێمی کوردستان، لە کۆی 11 لقی کۆمپانیاکەی هەشت دانەیانی داخستووە و نزیکەی 25 کارمەندیش بەو هۆیەوە بێ کار بوون.
 
سەردار ئازاد بە رووداوی گوت، "ئەم رسوومات و باجانەی کە لەسەر کۆمپانیای خانووبەرە دانراوە، کە من کۆمپانیایەکی خانووبەرەم، مانگانە دەبێت پارەی زبڵ و خاشاک بدەم، دڵنیای کۆمەڵایەتیی و قتعە بدەم، هەروەها کرێی کارەبا بەشێوازی بازرگانی گەورە بدەم، ئێمە کۆمپانیایەکی عەقاراتی بچووکین چوار بۆ پێنج کارمەندم هەیە، بەڵام وەکو کۆمپانیایەکی دیکە حساب کراوین، هەموو ئەمانە وایکردووە گوشارێکی زۆرمان لەسەر بێت، ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوکار نەبێتم ئێمە دڵنیاین زۆرترین عەقارات دادەخرێت بەمەش زۆرترین بێکاری روودەدات، من نزیکەی 25 کارمەندم ناردووەتەوە ماڵەوە، واتە لای من 25 کەس بێ کار بووە." 
 
ساڵی 2023 بۆ کۆمپانیاکانی خانووبەرە ساڵی خۆ بچووکردنەوە و تەنانەت داخستنی یەکجارەکی بووە، ئەمە گوتەی بەشێک لە خاوەن کۆمپانیاکانی خانووبەرەیە، مەریوان مەولوود یەكێکی دیکەیە لە خاوەن کۆمپانیاکانی خانووبەرە، لە کۆی 3 لقی کۆمپانیاکەی دوو لقی داخستووە و 6 کارمەندیشی لە کارەکەی دوورخستووەتەوە. 
 
مەریوان مەولوود گوتی، هەر ئۆفیسێک بە گوێرەی شوێنەکەیە کە چەندێک تێچووی لەسەرە، 10 هەزار دۆلار تاوەکو 30 هەزار دۆلاری تێدایە، بۆ بنیادنان و چاککردن چونکە بە هەیکەل وەریدەگری، هەر نووسینگەیەکی عەقارات، کە دادەخرێت، ئەو پێداویستیانە لە شوێنی خۆی جێدەمێنێت، واتە بۆ لقێک 10 هەزار دۆلار تاوەکو 30 هەزار دۆلار زەرەری تێدایە، وەکو چارەنووسی عەقاراتەکان، هەموو عەقاراتێک بەشێوەیەک لە شێوەکان خۆیان بچووک کردووەتەوە، هەیە لە 20 لق بووەتە 15، واتە جۆرێک لە جۆرەکان بچووک بوونەوە لەنێو نووسینگەکانی خانووبەرە لە هەولێر هەبووە لە ساڵی 2023."
 
ئاگری شەڕی ئیسرائیل و حەماس لەگەڵ هێرشە درۆنییەکانی سەر هەولێر یەکێکە لە هۆکارەکانی سستی بازاڕی خانووبەرە لە هەولێر، کاریگەری راستەوخۆیان هەبووە، بە جۆرێک بە رێژەی 70% کڕین و فرۆشتنی خانووبەرە کەمبووەتەوە، لەگەڵ دابەزینی ئاستی جمووجوڵی بازاڕیش، کۆمپانیاکانی خانووبەرە دەرگەی بەشێک لە نووسینگەکانیان لە پرۆژەکانی نیشتەجێبوون دادەخەن.