دوای پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەرانی پێشمەرگە، مامۆستایانیش داوای دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ 

مەكتەبی سكرتاریەتی يەكێتیی مامۆستایانی كوردستان داوا دەکات پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی پەروەردە و خوێندنی باڵا هاوشێوەی پێشمەرگە دەستپێبکاتەوە. سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانیش دەڵێت: "تەنیا لە وەزارەتی پەروەردە زیاتر لە 200 هەزار کەس پلەیان بەرز نەکراوەتەوە."
 
مەکتەبی سکرتارییەتی رێکخراوی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەرانی پێشمەرگە بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە: "رۆژی پێنجشەممە، پلەی سەربازیی زیاتر لە چوار هەزار ئەفسەر لە وەزارەتی پێشمەرگە بەرزكرایەوە، لەكاتێكدا ماوەی 10 ساڵە مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە چاوەڕوانیدان بۆ دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوە."
 
ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان لەبارەی راگرتنی پلەبەرزکردنەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پێویستە دەستپێبکاتەوە، راگرتنەکە تەنیا وەزارەتی پەروەردە و مامۆستایانی نەگرتووەتەوە، بەڵکو زۆربەی وەزارەت و دەستە و شوێنەکانە."
 
یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان لێرەوە رووی داواكاری لە حكومەتی هەرێمی كوردستانە، كە هەرچی زووە كار بكات بۆ دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا "كە خۆڕاگرانە و ماندوونەناسانە هاوشان لەگەڵ برا ئەفسەر و پێشمەرگەكان لە سەنگەری خزمەتكردن بە گەل و نیشتمان بوون."
 
داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەکات: "بڕیاری جیددی و هەنگاوی كردەیی بنێت بۆ دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی مامۆستایان، وەكو دەزانن مامۆستایان لە بارودۆخێكی سەختدان.
 
یەکێتییەکە جارێكی دیكە جەختی لەسەر یاداشتە چوار خاڵییەكەی یەكێتی مامۆستایان کردووەتەوە، كە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بەرزكراوەتەوە و تێیدا هاتووە:
 
1- پێدانی مووچەی مانگانە لەكاتی خۆی
2- دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران
3- دامەزراندن یان بە گرێبەستكردنی مامۆستایانی وانەبێژ
4- هاوتاكردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێم وەكو خانەنشینانی عێراق
 
دوێنێ پێنجشەممە، 1ـی شوباتی 2024، وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان گەڕانەوەی پێنج خشتەی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەرانی هێزەکانی 70 و 80 و بەشێک لە ئەفسەرانی وەزارەتەکەی راگەیاند، کە بەپێی سەرچاوەیەک لە وەزارەتی پێشمەرگە کە قسەی بۆ رووداو کردبوو، ئەو ئەفسەرانەی پلەبەرزکردنەوەیان بۆ گەڕاوەتەوە 4 هەزار و 304 ئەفسەرن؛ ئەو ئەفسەرانە 3671یان لە هێزەکانی 70 و 80ـی پێشمەرگەن و 635یشیان ئەفسەری وەزارەتی پێشمەرگەن.