وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان: 93%ی خێزانەکان نەوتیان وەرگرتووە

02-02-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تاوەکو کۆتایی مانگی رابردوو، زیاتر لە 240 ملیۆن لیتر نەوتی ماڵان لە پارێزگاکان دابەشکراوە و زیاتر لە یەک ملیۆن و 202 هەزار خێزان سوودمەندبوون.
 
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی دابەشکردنی نەوتی ماڵان رایگەیاند: "تاوەکو رۆژی 31ـی کانوونی دووەمی 2024، زیاتر لە 240 ملیۆن لیتر نەوت بەسەر هاووڵاتیاندا دابەشکراوە، لە پارێزگای هەولێر نزیکەی 96 ملیۆن لیتر، پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، زیاتر لە 94 ملیۆن لیتر و لە پارێزگای دهۆکیش زیاتر لە 50 ملیۆن لیتر نەوت دابەشکراوە."
 
بەپێی داتاکانی وەزارەتەکە، تاوەکو ئێستا نزیکەی 93%ـی کۆی خێزانەکانی هەرێم لە وەرگرتنی نەوت سوودمەندبوون، هەولێر نزیکەی 100%، سلێمانی و هەڵەبجە نزیکەی 89% و دهۆکیش زیاتر لە 89%ی خێزانەکان نەوتیان وەرگرتووە.
 
سەبارەت بە نەو نەوتەی حکومەتی ناوەندیی رەوانەی دەکات، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان تاوەکو ئێستا نزیکەی 23 ملیۆن لیتر نەوتی بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە، کە زیاتر لە 10 ملیۆن لیتر لە هەولێر، زیاتر لە پێنج ملیۆن لیتر لە سلێمانی و هەڵەبجە و نزیکەی هەشت ملیۆن لیتری لەو نەوتە لە دهۆک دابەشکراوە.
 
تاوەکو ئێستاش زیاتر 127 هەزار خێزان لە نەوتەکەی بەغدا سوودمەندبوون، لە هەولێر، نزیکەی 56 هەزار خێزان، لە سلێمانی و هەڵەبجە  زیاتر لە 22 هەزار خێزان و  دهۆکیش زیاتر لە 49 هەزار خێزان.
 
لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی 2023ـەوە دابەشکردنی نەوت لە ناوچەشاخاوییەکانی هەرێمی کوردستانەوە دەستیپێکرد. حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەر بەرمیلێک نەوت کە 200 لیتر بێت، 104 هەزار دینار لە هاونیشتمانییان وەردەگرت، کە چوار هەزاری بۆ کرێی گواستنەوە بوو. نەوتەکەی عێراقیش 200 لیتری بە 60 هەزار دینار بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش دەکرێت.
 
رۆژی چوارشەممە، 20-12-2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی کۆبووەوە و تێیدا ژمارەیەک بڕیار و راسپاردە دەرکران.
 
لە راگەیێندراوەکەی حکومەتی عێراق هاتووە: "بۆ پشتیوانیکردنی هاووڵاتییانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان راسپاردەی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووری ژمارە (230333 ق) پەسندکرا، کە بریتییە لە دابەزاندنی بەهای بەرهەمی نەوت لە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی ببێتە 250 دینار بۆ هەر لیترێک لەبری 500 دینار بۆ هەر لیترێک، کە بەهای پێشووی بوو. ئەمەش بۆ ماوەی چوار مانگ بەردەوام دەبێت لە رۆژی 1ـی کانوونی یەکەمی ساڵی 2023ەوە."
 
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە