بەفر رێگەی هاتووچۆی سەتان گوندی رۆژهەڵاتی کوردستان دادەخات
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بەفربارینەوە رێگەی هاتووچۆی سەتان گوندی رۆژهەڵاتی کوردستان داخراوە و پۆلیسی رێگەوبانی ئێران داوا دەکات، خەڵک ئەمشەو و سبەی بەیانی لە بەشێکی گوند و شارەکان دەرنەچن.
بەڕێوەبەری گشتیی کۆنترۆڵی قەیرانی لوڕستان ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، لە هەندێک شوێنی ئەو پارێزگایە زیاتر لە مەترێک بەفر باریوە و بەو هۆیەوە رێگەی هاتووچۆی 932 گوند داخراوە.
قایمقامی شاری ئەلیگودەرزی ئەو پارێزگایە رایگەیاند، بەفر پەیوەندی 350 گوندی لەگەڵ ناوەندی شارەکە پچڕاندووە.
بە گوتەی قایمقامی شاری دڵفانیش، رێگەی هاتووچۆی 200 گوندی سەر بەو شارە بەهۆی بەفرەوە گیراوە. لە شارەکانی خوڕەماوا، دووروود، برووجێرد، ئەزنا و سلسلەش رێگەی سەتان گوند داخراوە. بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی قەیرانی لوڕستان دەڵێت، بەفر کارەبای 143 گوندی سەر بە ئەلیگودەرز، خورەماوا و برووجێردی بڕیوە.
هاوکات جێگری بەڕێوەبەری رێگەوبانی پارێزگای سنە رایگەیاند، رێگەی هاتووچۆی 505 گوندی پارێزگاکە بەهۆی بارینی بەفرەوە داخراوە.
شەوی رابردوو لە ملەی ژاڵانەی سەوڵاوا لە سنووری پارێزگای سنە، کە رێگەی چوون لە مەریوان و سەوڵاوا بەرەو پاوە و کامێرانە، رنوو دروستبوو و بۆ ماوەیەک رێگەکە داخرا.
لە شاری کەنگەڤەری پارێزگای کرماشانیش، فەرمانگەی رێگەوبانی شارەکە رایگەیاند، رێگەی هاتووچۆی 85 گوند داخراوە.
پۆلیسی رێگەوبانی ئێران داوا لە خەڵک دەکات، ئەمڕۆ و سبەی بەیانی خەڵک لە بەشێکی گوند و شارەکان دەرنەچن. پۆلیسی رێگەوبانی ئێران دەڵێت، ئەمشەو ئەگەری بەستن و خلیسکبوونی رێگەکان لە ئارادایە و هەربۆیە هاتووچۆکردن مەترسیدار دەبێت.