رووداو دیجیتاڵ
کۆڵبەرانی سەلاسی باوەجانی لە رێڕەوی کۆڵبەریی شێخ سڵە ناڕەزایەتی دەردەبڕن و دەڵێن، لە بەرامبەر پارەیەکی کەمدا بارێکی زۆریان پێ هاوردە دەکرێت.
ژمارەیەک کۆڵبەری خەڵکی سەلاسی باوەجانی رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە لە دەروازەی شێخ سڵەی ئەو شارە ناڕەزایەتییان دەربڕی و بۆ ماوەیەک ئامادە نەبوون کەلوپەل بگوازنەوە.
ئەو کۆڵبەرانە دەڵێن، پێشتر بڕیار بووە هەر جارێک 70 کیلۆگرام بار بگوازنەوە و لە بەرامبەردا 3 ملیۆن تمەنیان پێبدرێت، بەڵام خاوەن بارەکان و ئەو کەسانەی سەرپەرشتی گواستنەوەی کەلوپەلەکان دەکەن، ناچاریان دەکەن هەر جارێک نزیکەی 300 کیلۆگرام کەلوپەل بگەیێننە سنوورەکە و لە بەرامبەردا هەر 3 ملیۆن تمەنەکەیان پێدەدرێت.
کۆڵبەران داوایانکردووە لە بەرامبەر باری زیادە، پارەی زیاتریان پێبدرێت، بەڵام بەرپرسانی دەروازەکە بڕیاریانداوە تەنیا دەبێت بۆ هەر جارێک کە نۆرەی گواستنەوەی باریانە، سێ ملیۆن تمەن بدرێتە کۆڵبەران.
بە گوتەی کۆڵبەرانی سەلاسی باوەجانی، هەندێک کەس کە لەو سنوورە کۆڵبەری دەکەن، لە رێگەی ئەو پەیوەندییەی لەگەڵ بەرپرسانی دەروازەی شێخ سڵە هەیانە، نۆرەی هاوردەکردنی بار وەردەگرن و نۆرەکە بە نرخی زۆر بە خاوەن بارەکان دەفرۆشنەوە.
دەروازەی سنووری شێخ سڵە لە ساڵی 1996ـەوە کراوەتەوە و دەکەوێتە نێوان شاری سەلاسی باوەجانیی پارێزگای کرماشان و قەزای خانەقینی ئیدارەی گەرمیان. لە 16-01-2024ـەوە رێڕەوی کۆڵبەریی رێگەپێدراو لەو دەروازە سنوورییە کراوەتەوە و کۆڵبەران دەتوانن بە نۆرە کەلوپەل هاوردە بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ