رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستی، مامۆستایان و فەرمانبەران و هاونیشتمانییانی هەرێمى کوردستان ئاگادار دەکاتەوە کە تورکیا زەمالەی خوێندن بۆ (ماستەر و دکتۆرا) بۆ ساڵی خوێندنى 2023 رادەگەیێنێت.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان کە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 02-02-2023، بڵاویکردووەتەوە، هەرکەسێک مەرجەکانی تێدابێت و ئارەزووی خوێندنی لە زانکۆکانی تورکیا هەبێت، بە لەبەرچاوگرتنی تێبینییەکان، دەتوانن داواکارى لە رێگەی ئۆنلاینەوە لە لینکی https://www.turkiyeburslari.gov.tr/ پێشکێش بکەن.
وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێت، رۆژی 20ـی شوباتی 2023 دوا وادەی پێشکێشکردنی داواکارییەکان دەبێت. جەخت لەوەش دەکاتەوە، کە تەنیا پشتگیری پرۆسەی هەردوو بەرنامەی ماستەر و دکتۆرا دەکات.
مەرجەکانی وەزارەتی خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ پێشکێشکردنی داواکارییەکان بەمشێوەیەن:
1. ماستەر:
- دەبێت پێشکێشکار، هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان بێت.
- ئەگەر پێشکێشکار لە دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان فەرمانبەر یان مامۆستا بێت، ئەوا دەبێت لانیکەم دوو ساڵ خزمەتی هەبێت لە پاش بە دەستهێنانی دوایین بڕوانامە.
- پێویستە پێشکێشکار کۆنمرەی بەکالۆریۆسی لە (65%) کەمتر نەبێت.
- داواکار دەبێت لە هەمان بواری خۆی داواکاری بۆ بەرنامەی ماستەر پێشکێش بکات (واتا بەکالۆریۆس و ماستەرەکەی لە هەمان بوار بێت).
- بەربژێری سەرکەوتوو ئەگەر دامەزراو بێت، ئەوا لەلایەن وەزارەتی پەیوەندیدار تەنیا مۆڵەتی خوێندنی پێدەدرێت واتا بە موچەی بنەڕەتی و دەرماڵە جێگیرەکان.
- بەربژێری سەرکەوتوو لەلایەن وڵاتی تورکیا پشتگیری دارایی دەکرێت، بۆ وردەکاریی زیاتر تکایە سەردانی ماڵپەڕی زەمالەکە بکەن.
- لەبەر ئەوەی پێشکێشکردن راستەوخۆ لەڕێگەی ماڵپەڕی زەمالەکەیە، وەزارەتەکەمان هیچ فایلی لەبەردەست نییە تا کاری لەسەر بکات، بۆیە تا دەرچوونی ئەنجامی زەمالەکە بەهیچ شێوەیەک سەردانی وەزارەت مەکەن.
- بەربژێری سەرکەوتوو پێویستە دۆسیەی ئەلیکترۆنی لە وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لە رێگەی لینکی https://scholarship.digital.gov.krd پڕبکاتەوە.
2.دکتۆرا:
- دەبێت پێشکێشکار هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان بێت.
- ئەگەر پێشکێشکار لە دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان فەرمانبەر یان مامۆستا بێت، ئەوا دەبێت لانیکەم دوو ساڵ خزمەتی هەبێت لە پاش بەدەستهێنانی دوایین بڕوانامە، بەڵام سەبارەت بە دەرچووانی بەرنامەی تواناسازیی دەبێت بۆ ماوەی پێنج ساڵ خزمەتی هەبێت لە پاش بەدەستهێنانی دواین بڕوانامە.
- پێویستە پێشکێشکار کۆنمرەی ماستەرى لە (70%) کەمتر نەبێت.
- داواکار دەبێت لە هەمان بواری خۆی داواکاری بۆ بەرنامەی دکتۆرا پێشکێش بکات (واتا ماستەر و دکتۆراکەی لە هەمان بوار بێت).
- بەربژێری سەرکەوتوو ئەگەر دامەزراو بێت، لەلایەن وەزارەتی پەیوەندیدار تەنیا مۆڵەتی خوێندنی پێدەدرێت، واتا بە مووچەی بنەڕەتی و دەرماڵە جێگیرەکان.
- بەربژێری سەرکەوتوو لەلایەن تورکیا پشتگیری دارایی دەکرێت، بۆ وردەکاریی زیاتر تکایە سەردانی ماڵپەڕی زەمالەکە بکەن.
- لەبەر ئەوەی پێشکێشکردن راستەوخۆ لەڕێگەی ماڵپەڕی زەمالەکەیە، وەزارەتەکەمان هیچ فایلی لەبەردەست نییە تاکاری لەسەر بکات، بۆیە تا دەرچوونی ئەنجامی زەمالەکە بە هیچ شێوەیەک سەردانی وەزارەت مەکەن.
- بەربژێری سەرکەوتوو پێویستە دۆسیەی ئەلیکترۆنی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە رێگەی لینکی https://scholarship.digital.gov.krd پڕبکاتەوە.
وەزارەتەکە لە رێگەی تێبینییەکەوە جەخت لەوە دەکاتەوە، هەرکەسێک ئەم مەرج و رێنماییانەی سەرەوەی تێدا بەرجەستە نەبێت، دواجار مۆڵەتی خوێندنی پێنادرێت و بڕوانامەکەی بۆ یەکسان ناکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ