بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان زیادیکردووە؛ '80٪ـی بەکارهێنەران لە خوار 25 ساڵەوەن'
رووداو دیجیتاڵ
پەیامنێری رووداو لەنێو زیندانێکەوە لەگەڵ چەند بەکارهێنەرێکی ماددەی هۆشبەر قسە دەکات. یەکێک دەڵێت، لە تەمەنی 17 ساڵییەوە بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەرە و یەکێکی دیکە دەڵێت، "هەموو سەرە کۆڵانێک دوو کەسی تێدایە بیفرۆشێت." ئەفسەرێک لە بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان دەڵێت، "گەنج و لاوان لە تەمەنی 15 تاوەکو تەمەنی 25 ساڵ رێژەی ٪80 بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەرن."
هاونیشتمانییەکی دانیشتووی هەولێر کە تەمەنی 21 ساڵە، 9 مانگە بە تاوانی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراوە و ئێستا لە زیندانە. ئەو لە ساڵی 2019ـش بە هەمان تاوان حەوت مانگ سزادراوە بەهۆی ئەوەی لە کاتی دەستگیرکردنیدا سێ گرام ماددەی هۆشبەری پێ بووە.
ئەو بەکارهێنەرەی ماددەی هۆشبەر بە پەیام سەربەست، پەیامنێری رووداوی گوت، لە تەمەنی 17 ساڵییەوە بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەرە. باسی لەوەش کرد، "لە قوتابخانە لە رێگەی هاوڕێیەکم تووشی ئەم دەرمانەیان کردم. بە منیان دەگوت ئەوە نێرگەلەیە و بکێشە، منیش کێشام و جەستەم ئاسوودە بوو، بۆ رۆژی دواتر تەلەفۆنم بۆ کرد گوتم: ئەوە چییە؟ گوتی: ئەوە ماددەی هۆشبەرە، گوتی: پارە بێنە ئینجا دەتدەمێ، ئەگەر پارەت پێ نەبێت لێت دەبڕم و ناتدەمێ."
ئەو بەکارهێنەرەی ماددەی هۆشبەر پێیوایە کە بەشی زۆری منداڵان لە قوتابخانەوە فێری دەبن و دەڵێت، "ئێستا زۆر بازرگانی بە منداڵان دەکەن و دەڵێن: بڕۆ ئەو ماددانە بدە بە ئەو و ئێمە شێوەمان گومانی لێدەکرێ و شێوەی تۆ گومانی لێناکرێ و ئێمە ناومان هەیە لە بازگەکان، دەیانگوت بەس ئێرە هەتا نازانم کوێ بیپەڕێنەوە 1000 دۆلار یان 500 دۆلارت دەدەینێ بەس بڕێکی زۆر ماددەی هۆشبەر."
هەر لە نێو زیندان، پەیامنێری رووداو لەگەڵ بەکارهێنەرێکی دیکەی ماددەی هۆشبەر قسە دەکات کە وەک خۆی دەڵێت، لە ئێران لە ساڵی 2010 فێری بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر بووە.
ئەو کەسە کە تەمەنی 33 ساڵە و کوڕێکی تەمەن 7 ساڵی هەیە، باس لەوەش دەکات، پێنج مانگە لە زیندانە و پێشتریش چوار جاری دیکە بە هەمان تاوان دەستگیر کراوە و سزا دراوە.
ئەو کەسە کە بە تاوانی بازرگانی بە ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراوە، بە رووداوی گوت، "لە کافتریا، گازینۆ، دیسکۆکان بەڵێ لەو شوێنانە زۆر تووش دەبن، هەروەها لە قوتابخانەکانیش، قوتابخانەکانی خوێندن هەموو جۆرێکی تێدایە، لە ساڵی 2010 لەگەڵ هاوڕێیەکم دانیشتم و حەشیشی بەکارهێنا، هەروەها ئافرەتی بەتەمەن و گەنجیش، گەنجەکان ئێستا زۆربەی تووشبوونە، هەموو سەرە کۆڵانێک دوو کەسی تێدایە بیفرۆشێت."
بەپێی ئامارەکانی ئاسایش؛ لە هەولێر و دهۆک لە ساڵی 2021، هەزار و 943 کەس بە تاوانی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەرەوە دەستگیرکراون و زیاتر لە 374 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر دەستی بەسەرداگیراوە، بەڵام لە ساڵی 2022 ژمارەی دەستگیرکراوان بووە بە دوو هەزار و 103 کەس و و زیاتر لە 201 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر دەستی بەسەرداگیراوە.
ئێستا لە چاکسازیی ژنان و منداڵانی هەولێر 48 ژن، کچ و کوڕی خوار 18 ساڵ لەسەر ماددەی هۆشبەر گیراون.
ئەرکان بیبانی، ئەفسەر لە بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە ئاسایشی گشتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "ئافرەت رێژەی ٪3 بۆ ٪5ـی بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر پێکدەهێنن، گەنج و لاوەکانیش لە تەمەنی 15 تاوەکو تەمەنی 25 ساڵی رێژەی ٪80 بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەرن."
بە گوێرەی بەدواداچوونەکانی رووداو؛ گرامێک کریستاڵ پێش چەند ساڵێک نرخی نزیکەی 150 دۆلار بوو، بەڵام ئێستا بە 5000 یش دەفرۆشرێت.
رێگەکانی ئالودەبوون بە ماددەی هۆشبەر جۆراوجۆرن، بە گوتەی چەند سەرچاوەیەک؛ نێرگەلە و ژن دوو لەو رێگەیانەن کە ئێستا زۆر باون بۆ ئالودەکردنی گەنجان بە ماددەی هۆشبەر و زۆربەی ئەو ماددەی هۆشبەرەی کە دێتە نێو هەرێمی کوردستان لە وڵاتانی دراوسێوە هاوردە دەکرێت.