رووداو دیجیتاڵ
نادیە موراد، براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی و باڵیۆزی نیازپاکیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی سەردانەکەی لەگەڵ ئەنجلینا جولی، خانمە ئەکتەری ناوداری هۆڵیوود بۆ شنگال، دەڵێت: "شەرەفمەند بووم بە پیشاندانی هێزی خەڵکی ئێزدی و هاوبەشکردنی چیرۆکی رزگاربوونمان لەگەڵ ئەنجلینا جولی."
ئەنجلینا جولی و نادیە موراد رۆژی سێشەممە، 31ـی کانوونی دووەم گەیشتنە هەولێر و رۆژی چوارشەممە سەردانی گوندی کۆچۆیان کرد بۆ بەسەرکردنەوەی کەسوکاری قوربانییانی کۆمەڵکوژیی گوندەکە بە دەستی داعش و دواتر سەردانی گۆڕستانی گوندەکەیان کرد.
دوای سێ کاژێر مانەوە، ئەنجلینا جولی و نادیە موراد لە هەولێرەوە بۆ ئەمریکا گەڕاونەتەوە.
نادیە موراد لە پۆستێکی فەیسبووک بە هاوپێچکردنی وێنەی خۆی و ئەنجلینا جولی لە کاتی سەردانەکە، دوای گەڕانەوەی بۆ ئەمریکا رایگەیاند: "گەڕانەوەم بۆ ماڵەکەمەم و ناساندنی ئەنجلینا جولیی هاوڕێم بە کەسوکارە رزگاربووەکانم، کە داکۆکیکارێکی سەرسەختی ژنان، منداڵان و پەنابەرانە، ئەزموونێکی کاریگەر بوو."
کچە کوردە چالاکڤانە رزگاربووەکەی دەستی داعش، کە خێزانەکەی لەلایەن داعشەوە کۆمەڵکوژکران، ئاماژەی بەوە کردووە: "ئەم گەشتە وەبیرهێنەرەوەیەکیش بوو بۆ من کە کاری ئێمە بۆ پاراستنی کەمینەکان و ژنان لە شنگال و سەرانسەری جیهان هێشتا زۆری ماوە تەواو بێت. ئەگەر بمانەوێت دڵنیابینەوە لەوەی ئەوەی بەسەر ئێزدییەکاندا هات هەرگیز رووناداتەوە، ئەوا پێویستە لەسەر بنچینەییەکانی جینۆساید و تووندوتیژیی سێکسی بوەستینەوە."
داعش لە ئابی 2014 هێرشیکردە سەر شنگال و کۆمەڵکوژی لە دژی کوردانی ئێزدی ئەنجامدا.
رێکخراوە پەڕگیرەکە گوندەکانی کوردانی ئێزدیی و شوێنە پیرۆزەکانیانی وێرانکرد، ئەو پیاوانەی دەستگیریکردن زۆربەیانی گوللـەباران کرد، دواتریش هەزاران ژن و منداڵی رفاند و بازارگانیی پێوە کردن.
نەتەوە یەکگرتووەکان هێرشەکەی بە جینۆساید ناوبردووە. تائێستا لانیکەم حەوت گۆڕی بەکۆمەڵ لە ناوەند و دەوروبەری گوندی کۆچۆ دۆزراونەتەوە.
نادیە موراد دەڵێت: "ناتوانین کۆڵبدەین تاوەکو لەسەرانسەری جیهان، ژنان و کچان و ئەو کۆمەڵگەیانەی کە مەترسییان لەسەرە، یەکسانیی جێندەر، دەرفەتی پەروەردە و ئابووری و مافی بڕیاردان لەسەر ژیانی خۆیان و خێزانەکانیان دەبێت."
سەردانەکانی پێشووی ئەنجلینا جولی بۆ عێراق و باشووری کوردستان
ئەنجلینا جولی، پێشتر نوێنەری نیازپاكیی نەتەوە یەكگرتووەكان بوو بۆ كاروباری پەنابەران، مانگی ئەیلوولی 2012 سەردانی باشووری كوردستانی كرد، بە مەبەستی بینینی رەوشی پەنابەرانی رۆژئاوای كوردستان. لە مانگی کانوونی دووەمی 2015ش سەردانی سنووری پارێزگای دهۆکی کرد و کەمپی ئاوارەکانی بەسەرکردەوە.
ساڵی 2015 ئەنجلینا جولی لە کەمپی خانکێ لە شاری دھۆک کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی لەبارەی ئامانجی سەردانەکەی رێکخست و گوتی، "خۆشحاڵم بە بەسەرکردنەوەی ئاوارەکانی نێو کەمپەکانی ھەرێمی کوردستان، ئامانجی سەردانەکەم بۆ ھەرێمی کوردستان راکێشانی سەرنجی جیھانە لە کێشەی ئاوارەکانی ئەم ناوچەیە."
ئەنجلینا جولی گوتیشی، "پێویستە نەھامەتییەکانی ئاوارەکان بەگشتی کۆتاییان بێت، ئەو کەسانەی لەدەست چەکدارانی داعش رزگاریان بووە، دەبێت یارمەتی بدرێن و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان چاودێریی زیاتریان بکات."
سینەماكار و دەرهێنەری نێوداری ئەمریكی، ئەنجلینا جولی لەدایكبووی ساڵی 1975ـە، تائێستا خەڵاتی ئۆسكار و چەندین خەڵاتی هۆڵیوودی بەدەستهێناوە، بەشدارییەكی دیاری هەیە لە كارە خێرخوازییەكاندا لەبەر ئەوە بە كەسێكی كاریگەر دادەنرێت لە بواری كارە خێرخوازییەكاندا.
نادیە موراد، باڵیۆزی نیازپاکیی نەتەوە یەکگرتووەکان و خاوەنی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی لە تویتەر نووسیویەتی "گەڕانەوە بۆ ماڵەکەم لە گوندی کۆجۆ بە یاوەری ئەنجەلینا جولی و ناساندنیان بە هاوکارە رزگاربووەکانم، ئەزموونێکی کاریگەر بوو. شانازییەکی گەورەیە بۆ من هێزی گەلی ئێزیدی پیشانی جولی بدەم و چیرۆکی مانەوە و ئارامگرتنمانی بۆ بگێڕمەوە".
نادیە موراد دەڵێت، "سەردانەکەم، وەبیرخستنەوەیە بەوەی کارەکانمان لەپێناو داکۆکیکردن لە مافی کەمینەکان و ژنان لە شنگال و هەموو جیهان بەردەوامە و کۆتایی نەهاتووە، ئەگەر بمانەوێ ئەو رووداوانەی بەسەر ئێزیدییەکاندا هاتووە زامنی دووبارە نەبوونەوەی بکەین، پێویستە سەرجەم هۆکارەکانی پشت ئەم کۆمەڵکوژیی و توندوتیژیی سێکسییانە چارەسەر بکەین. پشوو نادەین تا ئەو کاتەی هەموو ژنان و کچان و کۆمەڵگە لاوازەکان لە سەرانسەری جیهاندا بە یەکسانی جێندەری و دەرفەتی خوێندن و ئابووری و مافی بڕیاردانی خۆیان سەبارەت بە ژیانیان و خێزانەکانیان شاد دەبنەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ