کۆمپانیای ڤیژن ئیجوکەیشن قوتابخانە سووتاوەکەی گوندی وەسان نۆژەن دەکاتەوە

02-02-2023
شەنگە ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکانی کۆمپانیای ڤیژن ئیجوکەیشن رایگەیاند، "تەواوی خەرجیی نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەی وەسانی بنەڕەتیی تێکەڵاو لە ناحیەی قەسرێ، له‌ئه‌ستۆ دەگرێت، دوای ئه‌وه‌ی قوتابخانەکە بەهۆی تەقینی سۆپای نەوتەوە سووتا."
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 01-02-2023 میوان دۆڵەمەری، بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکانی ڤیژن ئیجوکەیشن بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تەواوی خەرجیی نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەی وەسانی بنەڕەتیی تێکەڵاو لە ناحیەی قەسرێ، له‌ئه‌ستۆ دەگرێت، دوای ئه‌وه‌ی قوتابخانەکە بەهۆی تەقینی سۆپای نەوتەوە سووتا.
 
بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکانی ڤیژن ئیجوکەیشن دەڵێت، "قوتابخانەکە زیانێكی زۆری به‌ركه‌وتووە، له‌پێناو خوێندنی رۆڵه‌كانمان و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ژیان بۆ قوتابخانه‌كه‌، تیمی کۆمپانیای ڤیژن ئیجوکەیشن پەیوەندیی کرد بە بەڕێوەبەری قوتابخانەکە بۆ ئاگاداربوون لە زیانەکانی رووداوەکە و مە‌زەنده‌ی زیانه‌ مادییه‌كان كرا. کۆمپانیاکەمان بڕیاری دا بە لەئەستۆگرتنی تەواوی خەرجیی نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکە بە بڕی 10 ملیۆن و 621 هەزار دینار، ئەم بڕە پارەیەش وەکو کۆمەک ئەمڕۆ لە رێگەی نوێنەری کۆمپانیا بە ئامادەبوونی لیژنەیەك لە قوتابخانەکە رادەستی بەڕێوەبەر و ستافەکەیان کرا."
 
میوان دۆڵەمەری ئەوەشی خستەڕوو، "بە بیستنی ئەم رووداوە لە کەناڵەکانی راگەیاندن زۆر دڵگران بووین، بۆ پشتگیریکردن لە قوتابیانی ئەو ناوچەیە بۆ دوانەکەوتن لە پرۆسەی خوێندن لەو دەڤەرە، ئەو بڕیارەمان داوە."
 
قوتابخانەی وەسانی بنەڕەتیی تێکەڵاو ساڵی 1992 دامەزراوە و دەکەوێتە ناحیەی قەسرێ لە قەزای چۆمانی سەر بە پارێزگای هەولێر. ئێستا قوتابخانەکە دوو دەوامی هەیە (بەیانیان و نیوەڕوان) بۆ قۆناخی بنەڕەتی و دواناوەندی. قوتابخانەکە شەش پۆلییە و بەگشتی 30 قوتابی لەگەڵ نۆ مامۆستا و 11 کارمەند لەخۆدەگرێت.
 
رۆژی 30-01-2023 قوتابخانەکە بەهۆی تەقینی سۆپای نەوتەوە ئاگری گرت، بەڵام جگە لە زیانی ماڵی، زیانی گیانیی نەبوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە