رووداو - سلێمانی
دوو رۆژە زۆرترین دیمەن کە لە گەڕەک و شەقامەکان دەبیندرێت کۆبوونەوەی زبڵ و خاشاکە، چونکە کۆمپانیاکانی کۆکردنەوەی زبڵ لە سلێمانی مانیان گرتووە.
محەممەد تەمەنی 43 ساڵە، هەرچەندە ئەو کۆمپانیای ئەو کاری تێدا دەکات مانیان گرتووە، بەڵام ئەو بە هەمان شێوەی چوار ساڵی رابردووی کارکردنی وەکو ژینگەپارێز خۆی گۆڕیوە و دەیەوێت کار بکات.
محەممەد عەبدوڵڵا، ژینگەپارێز دەڵێت، "داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم پارەی ئەم کۆمپانیایانە خەرج بکات بۆئەوەی ئەوانیش مووچە بدەن بە ئێمە، چونکە تیاماندایە نەخۆشیی هەیە و کرێچییە و دۆخی ژیانی زۆر خراپە".
لە مانگی ئەیلوولی ساڵی 2021 هەر شەش کۆمپانیای پاککەرەوە لە سلێمانی لە بانکەکان هیچ پارەیەکیان بۆ شایستەی دارایی مانگانەیان بۆ خەرج نەکراوە، جگە لەوەش 40%ی پارەی چەکی بانکییەکەیان بۆ پاشەکەوت دەکرێت.
خالید شینکی، خاوەنی کۆمپانیای خالید شینکی رایگەیاند، "تەواو لە تواناماندا نەماوە کرێکار و کارمەند کارمان بۆ ناکات تاوەکو مووچەیان پێنەدەین، داوا لە حکومەت دەکەم کە ئەو پارەی لە ماڵان دەسەندرێت کە پێنج تاوەکو 100 هەزار دینارە، کۆبکرێتەوە و بدرێتە ئێمە و کێشەکان چارەسەر بکەین".
ئەشرەف مەحموود، لێپرسراوی کۆمپانیای هەرێم دەڵێت، "کێشەکە نە حکومەتە و نە شارەوانی، بەڵکو بانکەکانە پارەمان پێنادەن".
مانگانە لە شارەوانیی سلێمانی چەکی پارە بۆ شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکانی پاککەرەوە لە سلێمانی دەکرێت، کە بڕەکەی یەک ملیار و 200 ملیۆن دینارە، بە گوتەی بەرپرسی بەشی خزمەتگوزاری لە شارەوانیی سلێمانی، ئەستەم دەبێت بتوانن بەبێ کۆمپانیاکان شەقام و گەڕەکەکانی شار لە خۆڵ و خاشاک پاک بکەنەوە.
نزار کەمال، لێپرسراوی بەشی خزمەتگوزاریی شارەوانیی سلێمانی دەڵێت، "مانگانە ئێمە چەکیان بۆ دەکەین و ئەوانیش دەچنە بانک، ئێستا کێشەکەیان لە بانکە و ئەوان پارەیان پێنادەن کە 60%ی پارەکەیان پێدەدرێت بە شێوەی قیست، ئەوەشیان پێنادەن".
لە ساڵی 2007ـەوە لە هەرێمی کوردستان کۆکردنەوەی زبڵ و خۆڵ و خاشاک لەڕێگەی کۆمپانیاکانەوە دەکرێت، ئێستا لەسەر داوای شارەوانیی سلێمانی تەنیا یەک کۆمپانیای پاککەرەوە کار دەکات، ئەویش تەنیا لەناو بازاڕ و تیمەکانی شارەوانیش بەشێک لە شەقامە گشتییەکان لە توانایاندایە پاکبکەنەوە، ئەگەرنا گەڕەکەکانی باشوور، باکوور، رۆژهەڵات و رۆژئاوای شارەکە بۆ دووەمین جارە لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا هێدی هێدی خەریکە کۆڵان و شەقامەکانی پڕ دەبن لە زبڵ و خاشاک.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ