رووداو دیجیتاڵ
رۆژێک دوای بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا، وێنەی چەند بریندارێک کە بە ئەمبۆڵانس گەیەندراونەتە نەخۆشخانە بڵاوبووەوە، سەرچاوەیەک لە تەندروستیی مەخموور بە رووداوی گوت، لە ئەنجامی بۆردوومانەکە 8 کەس گیانیان لەدەستداوە و 17 کەسیش برینداربوون کە گەریلا و خەڵکی سڤیلیشی تێدایە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەوە بە فەرمی پشتڕاست نەکراوەتەوە.
رزگار محەممەد، قایمقامی قەزای مەخموور دەڵێت، "زۆربەی دانیشتووانی کەمپەکە هەر ئەو پەنابەرانەن کە ساڵی 1998 هاتوونە و خێزانەکانیان فراوانبووە و ژمارەیان زۆربووە، بەڵام بەشێکی دیکە لە خەڵکەکە بەم دواییە هاتوونەتە نێو کەمپەکە، هەندێکیان هەیە رەگەزنامەی عێراقیان هەیە و تێشیاندا هەیە رەگەزنامەی سووریان هەیە."
لە سەرەتای 2017 وە هەشتەم جارە کەمپەکە و دەورووبەری بۆردوومان بکرێت. دوای بۆردوومانەکەی شەوی یەکی شوبات کە هاوکاتبوو لەگەڵ بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا لە چیای شنگال و دێرکێی رۆژئاوای کوردستان بە بیانووی هەبوونی بنکەکانی پەکەکە، شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق لە راگەیەندراوێکدا داوای لە لایەنی تورکی کرد رێز لە دراوسێیەتی بگرێت و بەپێی رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان ئەو پێشلکارییانە رابگرێت.
لیوا عەبدوڵڵا رەمەزان، فەرماندەی فیرقەی 14ـی سوپای عێراق بە رووداوی گوت، "دۆخەکە زۆر ئارام و جێگیرە، ئەوەی کە دوێنی روویدا لایەنی تورکی هەستا بە بۆردوومانی کەمپی پەکەکە، ئەوە حکومەتی فیدڕاڵی لە بەیاننامەیەکدا ئیدانەیکرد."
کەمپی پەنابەرانی مەخموور کە دانیشتووانەکەی پێی دەڵێن کەمپی شەهید رۆستەم جودی، سەرەتا لە دەشتی قەراج بوو، بەڵام بەهۆی نەبوونی سەرچاوەی ئاوییەوە، ساڵی 1998 گواستراوەتەوە بۆ بناری چیای قەرەچووخ، ئەو کات 6 هەزار کەسی سڤیل تێیدا نیشتەجێبوون.
رەشید قادر، ئاگادارە لە دروستکردنی کەمپی مەخموور و باسی لەوە کرد، "سەرەتا بەس مەدەنی بوون، بەڵام دوای هاتنی داعش، ئەوانەی شەڕی داعشیان کردوو بوونە چەکدار، ئینجا نازانین چۆن بووە و چۆن نەبووە، ئەوان دیارە چەکداربوونە بۆیە شەڕی داعشیان کردووە."
کەمپی مەخموور تایبەتە بە هاونیشتمانیانی باکووری کوردستان، کەمپەکە لەلایەن لیژنەی پەنابەرانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق سەرپەرشتی دەکرێت و بەگوێرەی ئامارەکانیان نزیکەی 10 هەزار کەس تێیدا نیشتەجێن. بەهۆی فراوانبوونی کەمپەکەوە ئێستا بووەتە بەشێک لە سنووری شارەوانی مەخموور.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ