دایکی منداڵێکی نەخۆش لە دهۆک: 8 ساڵە کوڕەکەم لەسەر جێگەیە و دڵم بۆی ژان دەکات


رووداو دیجیتاڵ

منداڵێکی تەمەن نۆ ساڵ لە دهۆک لە تەمەنی چوار مانگییەوە نەخۆشی کەمیی فۆسفاتی هەیە و لەسەر جێگە کەوتووە، تاوەکو گەورەتر بێت ئێسکەکانی زیاتر دەپووکێتەوە. سیزار خالد، لەخۆشی منداڵی بێبەش بووە و دەڵێت، "دەست و پێیەکانم زۆر ژان دەکات، حەز دەکەم لەگەڵ منداڵەکان یاری بکەم."
 
دایک و باوکی سیزار ئەوەندەی لە توانایان بوو بەمەبەستی چارەسەرکردنی کوڕەکەیان خەرجیان کردووە، ئەوان بۆ چارەسەر جگە لە عێراق و هەرێمی کوردستان، کوڕەکەیان بردووەتە وڵاتی تورکیاش، بەڵام تاوەکو ئێستا چارەسەر نەکراوە.
 
گولستان قەهار، دایکی سیزارە و بە چاوی گریانەوە بە رووداوی گوت، "دڵم بۆی دەسوتێت، نۆ ساڵە کوڕەکەی من یاری لەگەڵ منداڵان نەکردووە، هەرکاتێک خوشکەکەی دەچێتەوە باخچەی ساوایان ماچی سەری دەکات، ئەویش دەڵێت دایە کەی منیش لەگەڵ خوشکم دەچم؟. تەنیا وایلێهاتبا بیتوانیبا بە بەکارهێنانی دەستەکانی و بەدانیشتنەوە بڕۆیشتبا با تاهەتایە لەلای من بووایە، پار لە 1ـی 10 دەستێکی شکا تاوەکو ئێستا گەچی پێوەیە و چاکنەبووەتەوە."
 
دکتۆرێکی منداڵان کە 8 ساڵە چاودێری ئەو منداڵە دەکات دەڵێت، تەنیا یەک چارەسەری هەیە کە پێویستە لە سەنتەرێکی پێشکەوتوو چاودێری بکرێت لە وڵاتێکی پێشکەوتووی ئەوروپا.
 
دکتۆر قادر محەممەد ئەمین، دکتۆرێکی نەشتەرگەریی منداڵانە و گوتی، "ئەگەر چارەسەری ئەو نەخۆشە نەکرێت ئەوە مەترسی لەسەر ژیانی منداڵەکە دەبێت. ئەو گەیشتووەتە قۆناخێک کە ئێستا چارەسەرکردنی لە نێوخۆی عێراق قورسە، ئەو پێویستی بە چارەسەرکردن هەیە لە سەنتەرێکی پیشکەوتوو، ئەو جۆرە سەنتەرەش لە ئەڵمانیا هەن."
 
بەرنامەی بەرپرسیاری رۆژی چوارشەممە 02-02-2022ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکەشی دەکات، تایبەت بوو بەو بابەتە و هەریەک لە؛ گولستان قەهار، دایکی سیزار و دکتۆر قادر محەممەد، دکتۆری نەشتەرگەریی منداڵان ئامادەبوون.
 
گوڵستان قه‌هار، دایکی سیزار کە میوانی بەرنامەی بەرپرسیار بوو دەڵێت، "کوڕەکەم بەهۆی نەخۆشییەکەوە زۆر توورەیە، نۆ ساڵە ناتوانێت هاتووچۆ بکات، چەند جارێک دەست و پێی شکاوە، تاوەکو ئێستا چارەسەری کوڕەکەم نەکراوە، بۆ چارەسەری کوڕەکەم هەرێمی کوردستان، عێراق و تورکیامان کردووە."
 
دکتۆر قادر محەممەد، پسپۆڕی نەشتەرگەریی منداڵانیش باسی لەوە کرد، "فۆسفات لە خوێنی سیزار نامینێت، ئەگەر زوو چارەسەرێکی تەندروستی بۆ  نەکرێت، کەمئەندام دەبێت، لە داهاتوو نەخۆشییەکەی کاریگەری لەسەر ماسولکە و دڵی دروستدەکات، چونکە تەندروستیی سیزار باش نییە، دەرمانی چارەسەریشی زۆر گرانە، بە جۆرێک دەرمانێکی نەخۆشییەکەی کەمترینی بە چوار هەزار دۆلارە."
 
ئەو خێزانە لە پێنج کەس پێکهاتوون و لە خانوویەکی کرێدا دەژین، باوکی سیزار پێشمەرگەیە.