لە کەسنەزان شارەوانی هەوڵی رووخاندنی خانوویەکی یەک ژووریی ماڵە هەژارێک دەدات

 
رووداو - هەولێر

لە کەسنەزان ماڵێکی هەژار لە زەوییەکی زیادەڕۆی بچووکدا ژوورێکیان دروست کردووە، شارەوانی هەر دوو هەفتە جارێک دەچێتە سەریان لایەکی دەڕوخێنێت و دەڵێت مادام دوای 2018/03/13 دروست کراوە، دەبێت بڕووخێنرێت. 
 
تەمەنێکی کەم بەڵام خەم و پەژارەیەکی زۆر. جوان تەمەنی 27 ساڵە، 11 ساڵە ژیانی هاوبەشی پێکهێناوە و سێ منداڵی هەیە. هاوژینەکەی کرێکارە و پێشتر کرێچی بوون. 
 
بە قەرز و یارمەتیی خێرخواز پارچە زەوییەکیان لە کەسنەزان بە دوو هەزار دۆلار کڕیوە. بە بلۆک چوار گۆشەیەکیان دروست کردووە تێیدا بژین تا خانوویەک دروست دەکەن، بەڵام شارەوانی رێگەیان پێنادەن.
 
جوان ئەحمەد، دەڵێت: "چوومە بۆ ناحیە، چوومە بۆ شارەوانی بۆ لای بەڕێوەبەرەکە، لێی پاڕامەوە گوتم: 'بەس دوو ژووری تێدا بکەمەوە و نایلۆنێک دەدەم بەسەریدا و دەچمە ناوی. لەبەر خاتری ئەو سێ منداڵە.' گریام گوتم: 'لەبەر خاتری ئەو سێ منداڵەم.' گوتی: 'لە من گەورەتر هەیە.' ناردمی بۆ پارێزگای هەولێر و لەوێ نەیانهێڵا بچمە ژوورەوە. کرێمان پێنادرێت. 200 هەزار کرێ بە کێ دەدرێت؟ مێردەکەم ئیشی نییە، مووچەی نییە. ئەگەر مووچەیەکمان هەبووایە هیوایەکمان هەبوو، بەس ئەوەش نییە. ئەی قوڕی کوێ بکەم بەسەری خۆمدا من؟ دەمەوێت خۆم و ئەو سێ منداڵە بکوژم. دەڵێن گوناحبار دەبیت. ئەی کە من ئەم دونیایەم نەبوو، ئەو دونیام بۆچییە؟"
 
مەحموود تەمەنی 30 ساڵە. ساڵی 2013 لەگەڵ 11 کەس لە کاتی رووخانی مێگامۆڵدا بریندار بووە. ئێستایش بەهۆی ئازاری پشتیەوە بە زەحمەت کار دەکات و دەرامەتی کەمە و رووخاندنی دیواری ماڵەکەشی بووەتە بارگرانیەکی زیاتر لەسەر شانی.
 
مەحموود مووسا دەڵێت: "وەکو یاسا هیچیان پێم نەگوتووە. عەریزەکە دەنووسم و دەچمە شارەوانی و ناحیە، دەڵێن رێپێدان نییە. فایلەکەم پێدەدەن و دەڵێن برۆوە ماڵ. ئاخر بۆ؟ منیش دەمەوێت بیکەم بە خانوو وەکو ئەم هەموو خەڵکە. رێگەپێدان نییە."
 
زۆربەی خانووەکانی ئێرە لە کەسنەزان خانووی زێدەڕۆیین، کاتێک ئەو دووهاژینە ئەو پارچە زەوییە 80 مەترییە دەکڕن، زانیاریی ئەوەیان بووە کە زێدەرۆییە، بەڵام لەبەر نەبوونی و نەداری ئەوێیان بە تەنیا ئاواتێک زانیوە تا بیکەن بە خانوو، ئەویش شارەوانی هەر رۆژەو دەچێت بەشێک لە بلۆکەکانی دەڕووخێنێت.
 
بەپێی یاسای ژمارە 3ـی ساڵی 2018 رێگری لە هەموو جۆرە زێدەڕۆییەک دەکرێت، تەنیا رێگە بە تاپۆکردنی ئەو خانووە زێدەڕۆییانە دەدرێت کە پێش رێکەوتی 2018/03/13  دروست کرابێت.
 
هێمن قادر، پارێزگاری هەولێر بە وەکالەت بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوای ئەو رێکەوتە کە ئەو یاسایە دەرچووە، هەموو ئەو زێدەڕۆییانە کە دروست دەکرێن دەبێت دەستبەجێ هەڵبگیردرێن و تێکبدرێن و ئەو کەسەی کە سەرپێچیکارە دەبێت بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت." 
 
سەرەڕای هەموو رێگرەکان جوان و خێزانە پێنج کەسییەکەی لەو ژوورە بچووکەدا ماونەتەوە بەو هیوایەن یان رێگە بدەن خانووەکەیان دروست بکەن یان رێگەچارەیەکیان بۆ بدۆزنەوە.