کۆنسوڵخانەی چین: دڵگرانین لەو رێوشوێنەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هاووڵاتییانمان دەیگرێتەبەر


رووداو - هەولێر

پاش ئەوەی لەسەر ئاستی جیهان بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا رێوشوێنی تووند گیرانەبەر و لە هەرێمی کوردستانیش رێوشوێنی پێویست گیراونەتەبەر، جێگری کۆنسوڵی گشتیی چین لە هەولێر دەڵێ، دڵگرانن بەو بڕیارەی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بەو رێوشوێنانەی دەیگرنەبەر لەگەڵ خەڵکی چینی.
 
وانگ شۆهۆنگ، جێگری کۆنسوڵی گشتیی چین لە هەولێر دەشڵێ "لەڕاستیدا سەبارەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، کاریگەرییەکی نەرێنیی لەسەر بازرگانیی هەردوولامان هەیه، ئێستا کاردەکەین بۆ باشترکردنی دۆخەکە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان".
 
یەكێتیی هاوردە و هەناردەكارانی هەرێمی كوردستان بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە لە چین، سەرجەم بازرگانانی كوردستانی ئاگادارکردووەتەوە، چوون بۆ وڵاتی چین و هاوردەکردنی کەلوپەل لەو وڵاتەوە راگرن، لەکاتێکدا پێشووتر رۆژانە زیاتر لە 40 بازرگانی کورد سەردانی چینیان دەکرد و کەلوپەلیان هاوردە دەکرد.
 
زریان گێتلی، گەنجێکی بازرگانی شاری هەولێرە، ساڵانە چەندجارێک بۆ بازرگانی سەردانی وڵاتی چین دەکات، ئەویش وەکو دەیان بازرگانی دیکە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا گەشتە بازرگانییەکانی بۆ چین هەڵوەشاندووەتەوە و دەڵێ "دڵگرانین لەو بڕیارەی حکومەتی هەرێم کە گەشتکردنی بۆ چین راگرتووە".
 
نوێنەرانی چین لە هەرێمی کوردستان لە پەیوەندیدان لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ پێداچوونەوە بەو بڕیارانەی دراون.
 
سەرەڕای خێرا بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە زیاتر لە 20 وڵات و کوشتنی  305 کەس و کاریگەریی نەرێنی لەسەر بازاڕ، بەڵام هێشتا هەندێ لە بازرگانانی بواری گواستنەوە گەشبینن بەوەی چین چارەسەرێک بۆ ئەم کێشەیە بدۆزێتەوە.
 
بەهای ئاڵوگۆڕی نێوان عێراق و چین زیاترە لە 30 ملیار دۆلار لە ساڵێکدا، سەرەڕای قەدەخەکردنی چوونی خەڵکی عێراق بۆ چین بەڵام باڵیۆزخانەی چین پێدانی ڤیزای رانەگرتووە.