سەعدی پیرە: پارتی و یەکێتی کێشەیان کەمە، بەڵام لەخۆیان ئاڵۆزدەکەن
رووداو - هەولێر
گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، لە یەک - دوو رۆژی داهاتوو یەکێتی و پارتی کۆدەبنەوە و گوتی: "کێشەکانی نێوان یەکێتی و پارتی کەمن، بەڵام هەندێجار لە خۆمان ئاڵۆز دەکەین".
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی و گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە یەک - دوو رۆژی داهاتوو یەکێتی و پارتی کۆدەبنەوە و پرسی حکومەتی بەغدا و هەولێر و پارێزگاری کەرکووک تاوتوێدەکەن.
سەعدی پیرە گوتی: "لەگەڵ پارتی، شەڕی داعش و قەیرانی داراییمان تێپەڕاند، خێرە ئێستا لەسەر شتی بچووک نەتوانین کۆببینەوە ؟ کێشەکانی نێوان یەکێتی و پارتی کەمن، بەڵام هەندێجار لە خۆمان ئاڵۆز دەکەین".
گوتەبێژی یەکێتی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمڕۆ لەگەڵ بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان و دواتر چەند حیزب و لایەنێکی دیکە کۆدەبنەوە و پرسی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکەن.
بڕیاربوو رۆژی سێشەممەی هەفتەی رابردوو لە هەولێر شاندی دانوستاندنکاری پارتی و یەکێتی بۆ تاوتوێی نووسینەوەی کارنامەی حکومەت کۆببنەوە، بەڵام لەسەر داوای یەکێتی کۆبوونەوەکە بۆ کاتێکی دیکە دواخرا.
پێداچوونەوە؛ راوچی حەسەن