لەیلا زانا بە مەرجەکەی ئەردۆغان رازی نەبوو

رووداو- ئامەد

لەیلا زانا، پەرلەمانتاری دیاری پارتی دیموکراتی گەلان بە مەرجەکەی سەرۆککۆماری تورکیا رازی نەبوو بۆ کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەی نێوانیان.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە ئاژانسە هەواڵییەكانی تورکیا بڵاوکراونەتەوە، لەیلا زانا، ژنە سیاسەتڤان و پەرلەمانتاری هەدەپە، بەو مەرجەی ئەردۆغان رازی نەبووە کە وەکو پێش مەرج بۆ کۆبوونەوەکەی نێوانیان بە زانای گوتبوو "دەبێت سوێندە یاساییەکەت دووبارە بکەیتەوە".

دوای ئەوەی لەیلا زانا لەسەر فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی گەلان HDP توانی دەنگی پێویست بەدەست بهێنێت و بچێتە پەرلەمانی تورکیا، لەکاتی خواردنى سوێندی یاساییدا سەرەڕای گوتنی رستەیەکی کوردی، لە بری گەلی تورک، کە لە سوێندە یاساییەکەدا نووسرابوو، گەلی تورکیای بەکارهێنابوو، ئەوەش هەرای لە پەرلەمان نایەوە و داوا لە زانا دەکرێت سوێندەکەی دووبارە بکاتەوە.


دوای مەرجەکەی ئەردۆغان، لەیلا زانا لەگەڵ سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی هەدەپە کۆبووەتەوە و دوای کۆبوونەوەکە بڕیاریداوە سوێندەکەی دووبارە نەکاتەوە و رایگەیاندووە، سوێندەکەم هیچ کەموکوڕییەکی نەبووە و پێویست بە دووبارەکردنەوە ناکات.

لە ماوەكانی رابردوودا لەیلا زانا، پەرلەمانتاری هەدەپە لە شاری ئاگری، لە هەنگاوێکی چاوەڕوان نەکراودا داوای چاوپێکەوتنی لەگەڵ رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کرد سەبارەت بە ئاڵۆزییەکانی باکووری کوردستان.

لەیلا زانا، 3 ی ئایاری 1961 لە شاری ئامەدی باکووری کوردستان لەدایكبووە، ژنە سیاسەتمەدارێكی ناسراوی کوردە و، نەوەتەكانی سەدەی رابردوو بۆ ماوەی 10ساڵ بەھۆی قسەکردن بە زمانی کوردی لە پەرلەمانی تورکیا زیندانی کرا.

لەیلا زانا لە ساڵی 1991 دا بۆیەکەمجار لە مێژوی پەرلەمانی تورکیادا، لەکاتی سوێندخواردندا رستەیەکی کوردی گوت، ئەمەش پەرلەمانی تورکیای شێواند و مشتومڕێکی زۆری لێکەوتەوە، پاشان لەیلا زانایان بە دووبارەكردنەوەی سوێندخواردن ناچارکرد.