نرخی کارەبای موەلیدە بۆ مانگی 12 دیاریکرا؛ لە سلێمانی گرانترینە

02-01-2025
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

نرخی ئەمپێری کارەبا لە شارەکانی هەرێمی کوردستان دیاری کرا. لە سلێمانی گرانترینە و لە هەندێک شوێن گەیشتووەتە 22 هەزار دینارە.
 
لە مانگی کانوونی یەکەمدا، بەهۆی هاتنی شەپۆلێکی بەفر و باران کاژێرەکانی کارەبای نیشتمانی لە هەموو هەرێمی کوردستان کەمبوونەوە، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی نرخی ئەمپێری موەلیدە ئەهلییەکان زیاد بکات.
 
رۆژی پێنجشەممە، 02ی کانوونی دووەمی 2025، خۆران خۆرانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "موەلیدە ئەهلییەکان لە مانگی کانوونی یەکەمدا رۆژانە 15 کاژێر و نیو کاریانکردووە، نرخی ئەمپێرێک کارەبا بە گوێرەی کارکردنی موەلیدەکان لە ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی دیکە جیاوازە، نرخەکە لە نێوان 5 هەزار دینار تاوەکو 19 هەزار دینارە."
 
نرخی یەک کاژێر کارکردنی موەلیدەکانی سەنتەری شاری هەولێر بە 41 دینارە و لە ناو بازاڕ 48 دینارە.
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر گوتی، "لە مانگی 12دا موەلیدەکان لە ناوشاری هەولێر 351 کاژێر تاوەکو 460 کاژێر کاریانکردووە، نرخی یەک ئەمپێر لە نێوان 14 هەزار و 500 دینار تاوەکو 18 هەزار 750 دیناربووە."
 
بە گوتەی خۆران خۆرانی، لە ناو بازاڕدا نرخی یەک ئەمپێر لە نێوان 8 هەزار 750 دینار تاوەکو 10 هەزار و 500 دینار بووە، لە دەوروبەری هەولێرش نرخی ئەمپێرێک لە 5 هەزارەوە دەستیپێکردووە تاوەکو 19 هەزار و 750 دینار.
 
هەکار هروری، نوێنەری موەلیدە ئەهلییەکانی پارێزگای دهۆک بە رووداوی گوت: "بۆ مانگی 12 لە ناو شاری دهۆک نرخی یەک ئەمپێری کارەبای موەلیدە لە 9 هەزار و 250 دینارەوە دەستپێدەکات تاوەکو 20 هەزار و 250 دینار."
 
نوێنەری موەلیدە ئەهلییەکانی پارێزگای دهۆک دەڵێت، لە مانگی رابردوو لە پارێزگاکە موەلیدەکان 480 کاژێر کاریان کردووە."
 
هەروەها عوسمان محەممەد، سەرۆکی کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەکان لە سلێمانی بە رووداوی راگەیاند: "نرخی یەک ئەمپێر بۆ مانگی کانوونی دووەم لە نێوان 14 هەزار تاوەکو 22 هەزارە."
 
بە گوتەی عوسمان محەمەد، موەلیدەی ناو گەڕەکەکان لە مانگی 12دا 350 کاژێر کاریانکردووە، موەلیدەی 24 کاژێری نزیکەی 530 کاژێر کاریانکردووە، ئەوانەی ناو بازاڕیش 430 کاژێر کاریان کردووە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە