گەشتوگوزاری زاخۆ: تەنیا لە شەوی سەری ساڵدا زیاتر لە 50 هەزار گەشتیار هاتوون

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گەشتوگوزاری زاخۆ دەڵێت، لە 10 رۆژی رابردوودا زیاتر لە 120 هەزار گەشتیار سەردانی زاخۆیان کردووە، "بەراورد بە سەری ساڵی پار، هاتنی گەشتیاران 20٪ زیادیکردووە."
 
لە 21ـی کانوونی یەکەمی 2024ـوە تاوەکو شەوی سەری ساڵ، کۆمەڵێک چالاکی و ئاهەنگ بە ئامادەبوونی هونەرمەندە دیارەکانی کوردستان لە گۆڕەپانی پردی دەلال لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ سازکراون.
 
ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 2ـی کانوونی دووەمی 2025) بێوار سندی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری زاخۆ بە تۆڕی میدیایی رووداو راگەیاند، "لە 10 رۆژی رابردوودا زیاتر 120 هەزار گەشتیار و سەردانکاری ناوخۆ و بیانی هاتبوونە زاخۆ، لە شەوی سەری ساڵیشدا زیاتر لە 50 هەزار گەشتیار هاتبوون."
 
راگەیاندنی گەشتوگوزاری زاخۆ گوتی، "بەراورد بە ساری ساڵی رابردوو، هاتنی گەشتیاران 20٪ زیادیکردووە، پێشبینی دەکەین تاوەکو رۆژی یەکشەممە و کۆتاییهاتنی پشووەکان، نزیکەی 10 بۆ 15 هەزار گەشتیاری دیکە سەردانی ئیدارەکە بکەن."
 
لەبارەی هاتنی گەشتیاران، بێوار سندی دەڵێت "تەنیا لە سەری ساڵ نا؛ بەڵکو لە هەموو بۆنە و ئاهەنگێکدا زاخۆ یەکێکە لەو شوێنانەی زۆرترین گەشتیار سەردانی دەکەن، ئەمەش بەهۆی ئەوەی لە چەند ساڵی رابردوودا گرنگییەکی زیاتر بە پردی دەلال، کۆڕنیشی زاخۆ و ئیدارەکە دراوە لە سێکتەری گەشتوگوزاردا."
 
بە گوتەی بێوار سندی، "بەردەوام لەلایەن چەند لیژنەیەکەوە چاودێریی بازاڕ و شوێنەکان کراوە، تاوەکو کەلوپەلەکان بە گرانی نەفرۆشرێن و هیچ رووداوێکی نەخوازراویش روونەدات، هەموو شتێک بەپێی پلانەکانمان و بەسەرکوتووی بەڕێوەچوو."
 
ساڵی رابردوو لە ئاهەنگەکانی سەری ساڵدا نزیکەی 90 بۆ 100 هەزار گەشتیار سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆیان کردبوو.