رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری جووتیارە کوردەکانی سنووری داقووق دەڵێت، سەربازانی سوپای عێراق "پاڵپشتی" لە عەرەبی هاوردە دەکەن بۆ داگیرکردنی زەویی جووتیارانی کورد. فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی رۆژهەڵاتی سەڵاحەدینیش رەتیدەکاتەوە جیاوازییان لە نێوان جووتیارانی کورد و عەرەبدا کردبێت.
رۆژی چوارشەممە، 1ـی کانوونی دووەمی 2025، مەلا حەسەن گەرمیانی، نوێنەری جووتیارە کوردەکانی داقووق و جێگری مەڵبەندی 16ـی حەمرینی یەکێتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی رۆژهەڵاتی سەڵاحەدین ئەمڕۆ چوار جووتیاری کوردیان لەسەر ئاودانی زەوییەکانی خۆیان دەستگیرکرد، لەکاتێکدا ئەو زەوییانەیان هیچ کێشەیەکی یاسایی نییە، بەڵام دوای هەوڵ و گوشارەکانمان دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ ئازادکران."
مەلا حەسەن گەرمیانی دەڵێت: "ئەوەی جێگەی داخە ئەوەیە؛ سەربازانی سوپای عێراقی سەر بە ئۆپەراسیۆنەکانی رۆژهەڵاتی سەڵاحەدین پشتگیری و لایەنگرییەکی زۆری عەرەبە هاوردەکان دەکەن بۆ داگیرکردنی زەوی کشتوکاڵیی جووتیارانی کورد، بەجۆرێک لە ساڵی 2019ـەوە تاوەکو ئێستا نزیکەی 6 هەزار و 500 دۆنم زەویی جووتیارانی کوردیان لە سنووری داقووق داگیرکردووە."
نوێنەری جووتیارە کوردەکانی داقووق گوتیشی: "لە کۆتایی ساڵی 2022 کۆبوونەوەمان لەگەڵ وەزیری بەرگریی عێراقدا کرد و بەڵێننامەی بە جووتیارانی کورد و عەرەب و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی رۆژهەڵاتی سەڵاحەدین واژۆکرد کە نابێت لە ساڵی 2023 هیچکام لەو زەوییە کێشەلەسەرانە بکێڵدرێن، بەڵام جووتیارە عەرەبەکان بەبێ گوێدانە ئەو بەڵێننامەیە زەوییەکانیان کێڵا و سەربازانی سوپاش پشتیوانیان بوون."
مەلا حەسەن گەرمیانی، رووداوێکی وەکو نموونەیەک لە پشتگیریکردنەکانی سەربازانی سوپای عێراق بۆ عەرەبی هاورد باس کرد و گوتی: "مانگی 7ـی ئەم ساڵ ژمارەیەک عەرەبی هاوردەی داقووق مەڕ و ماڵاتیان بردبووە نێو کونجی جووتیارێکی کورد و شەڕ لەنێوانیان دروستبوو، سەربازانی سوپا هاتن و جووتیارە کوردەکە و برا و ئامۆزایەکیان دەستگیرکرد، دواتریش سەربازانی سوپا لە دادگە شاهیدیان بۆ عەرەبەکان لە دژی جووتیارانی کورد دا و بە تاوانباریان زانین؛ هەفتەی رابردووش دادگەی کەرکووک بە دوو ساڵ زیندانی سزای دان."
لیوا روکن عەلی مالیکی، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی رۆژهەڵاتی سەڵاحەدین لەبارەی دەستگیرکردنی جووتیارانی کورد لە داقووق بە رووداوی گوت، "ئەمڕۆ هیچ چالاکییەکمان لە داقووق و دەوروبەری نەبووە و ئاگاداری بابەتی دەستگیرکردنی جووتیارانی کورد نین لەو ناوچەیەدا."
لیوا روکن عەلی مالیکی گوتیشی: "ئێمە جیاوازی لەنێوان جووتیارانی کورد و عەرەبدا ناکەین و بۆ پاراستنی هەموویان لەو ناوچەیەدا جێگیرین، کاری ئێمە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیرییە نەک بابەتی زەوی و زار."
بەگوتەی نوێنەری جووتیارە کوردەکانی داقووق؛ ئەو پارچە زەوییانەی کە لەلایەن عەرەبە هاوردەکانەوە داگیرکراون ئەمانەن:
گوندی مەنسوور، پارچە زەوی ژمارە 15: 1500 دۆنم
گوندی فەریق، پارچە زەوی ژمارە 16: 2500 دۆنم
گوندی نەقی، پارچە زەوی ژمارە 17: 2000 دۆنم
گوندی جەنگەڵاوە، پارچە زەوی ژمارە 18: 500 دۆنم
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ