نرخی ئەمپێرێک کارەبای مۆلیدە له بەشێکی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان گەیشتە 22 هەزار دینار

02-01-2025
عەدنان رەشید
تەواوی بەرنامەی بەرپرسیار لەسەر ئەو کەیسە
تەواوی بەرنامەی بەرپرسیار لەسەر ئەو کەیسە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

نرخی ئەمپێری کارەبای مۆلیدە لە شارەکانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی 12 دیاریکرا، لە هەندێک شوێن بۆ هەر ئەمپێرێک گەیشتووەتە 22 هەزار دینار. لە بەشێکی ئەو گەڕەک و کۆمەڵگانەش کە کارەبایان کراوەتە 24 کاژێری و موەلیدەی ئەهلییان ماوە، پارەی مانگانەشیان لەسەر هەژمار دەکرێت.
 
نرخی یەک ئەمپێر کارەبای مۆلیدە بۆ مانگی 12 لەنێو شاری دهۆک لەنێوان 9 بۆ 20 هەزار و 250 دینارە، لە بەشێکی ئەو سیتی و گەڕەکانەی کارەبایان کراوەتە 24 کاژێری، موەلیدەی ئەهلی هەڵنەگیراوە، کارەبای مانگانەش لەسەر هاوبەشانیان هەژمار دەکرێت.
 
شێرزاد ئەمین، دانیشتوویەکی ئەڤرۆ سیتییە، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو، گوتی "کارەبامان 24 کاژێرییە، پریپەیدە و مۆلیدەشمان هەیە، کە مانگانە تەنیا بۆ حاڵەتێکی پێویست بەکاردەهێنرێ؛ کاتێک کاژێرێک یان دوو کاژێر کارەبای گشتی نابێ، بۆ هەر ئەمپێرێک 2500 دینار لەسەر دانیشتووانی سیتییەکە هەژمار دەکرێ. مانەوەی مۆلیدەش لە سیتییەکە لەسەر داواکاریی دانیشتووانەکەی نییە."
 
 
ئەنجوومەنی مۆلیدە ئەهلییەکانی دهۆک، هۆکاری هەڵنەگرتنی مۆلیدە لە بەشێکی گەڕەک و سیتییەکان بۆ بوونی ئاسانسوار دەگەڕێنێتەوە.
 
عەبدولخالق محەممەد، ئەندامێکی ئەنجوومەنەکە، لە بەرپرسیارەوە گوتی "هەر مۆلیدەیەک لە مانگی 12 نزیکەی 474 کاژێر کاری کردووە بۆ 31 رۆژ، بە تێکڕا رۆژانە زیاتر لە 15 کاژێر کاریان کردووە. بۆ هەر ئەمپێرێکیش لەنێوان 14 بۆ 20 هەزار و 250 دینار بۆ هاوبەشان دێتەوە. لەکاتێکیشدا هەر لیترێک گاز بە 583 دینار دەکڕین."
 
 
وەک ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی مۆلیدە ئەهلییەکانی دهۆک باسی دەکات، بڕیار هەیە لە هەموو ئەو شوقانەی کارەبایان بووەتە 24 کاژێری، مۆلیدەیان بمێنێتەوە بەهۆی بوونی ئاسانسوار. "بەڵام لە ئامێدی، سەرجەم مۆلیدە ئەهلییەکان هەڵگیراون."
 
لە بەشێکی گەڕەکەکانی سلێمانی، نرخی یەک ئەمپێر کارەبای مۆلیدە گەیشتە 22 هەزار دینار، ئەم نرخەش بە گوتەی عوسمان محەممەد، سەرۆکی کۆمەڵەی مۆلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی، ئەو گەڕەکانەن کە خشتەیان 24 کاژێرییە و لەسەر داوای خۆیانە.
 
عوسمان محەممەد، لە بەرپرسیار، گوتی "مۆلیدەکانی دەوروبەری شاری سلێمانی بەرنامەیەکی تایبەتیان هەیە؛ مانگی رابردوو نزیکەی 185 کاژێر کاریان کردووە و نرخی یەک ئەمپێریان لە 8 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات. نزیکەی 500 مۆلیدەی نێو شاریش بە تێکڕا مانگی رابردوو نزیکەی 350 کاژێر کاریان کردووە. بەشێکیان لە پێنج گەڕەکێکی سلێمانی لەسەر داوای خۆیان 530 کاژێر کاریان کردووە."
 
تاوەکو ئێستا پڕۆژەی رووناکی نەگەیشتووەتە سلێمانی. عوسمان محەممەد، دەشڵێت "لە سەنتەری بازاڕ لە زۆنی یەک، کارەبایان کراوەتە 24 کاژێری و 18 مۆلیدە بە کێبڵەکانیانەوە هەڵگیراون. جگە لەمە لە هیچ شوێنێکی دیکە کارەبای 24 کاژێری نییە، چونکە دەبێ هەموو گەڕەکەکان جۆزەی زیرەکیان هەبێ، چەتاڵ نەمێنێ، فوولکردن نەمێنێ، 100٪ جۆزەی زیرەکیان هەبێ، ئینجا دەتوانرێ ئەو پڕۆژەیە جێبەجێ بکرێ."
 
 
داواکاریی سەرەکیی خاوەن مۆلیدە ئەهلییەکان بۆ دابەزاندنی نرخی ئەمپێر، پێدانی گازە. 
 
عوسمان محەممەد، گوتی: "ئەگەر یەک لیتر گاز بە 250 دینار بدرێتە خاوەن مۆلیدەکان، ئەوا نرخی یەک ئەمپێر لە 7 هەزار دینار زیاتر نابێ، بەڵام ئەو هاوکارییە لە 2013ـەوە وەستاوە."
 
مۆلیدە ئەهلییەکانی هەولێر لە مانگی کانوونی یەکەمدا رۆژانە 15 کاژێر و نیو کاریان کردووە و نرخی یەک ئەمپێر لەنێوان 14 هەزار و 500 بۆ 18 هەزار و 750 دینار بۆ هاوبەشانی هاتووەتەوە.
 
 
ئەنجوومەنی مۆلیدە ئەهلییەکانی هەولێر، گرانیی نرخی گاز بە هۆکاری سەرەکیی گرانیی نرخی ئەمپێری کارەبای مۆلیدە دەگەڕێنێتەوە. دلێر ئەسعەد، ئەندامێکی ئەنجوومەنەکە، لە بەرپرسیارەوە گوتی "جیاوازیی نرخەکان تەنیا لە کاژێری کارکردنی مۆلیدەکانە لە گەڕەکەکان. لە هەندێ گەڕەک مۆلیدە 352 کاژێر کاری کردووە و لە هەندێکی دیکەدا 460 کاژێر کاری کردووە. پێشتر حکومەت گازی بە هەرزان پێدەداین، ئێستا ئەو هاوکارییە وەستاوە کە 75٪ـی هۆکاری گرانی نرخی ئەمپێرە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

تۆپبارانکردنی باشووری کۆبانێ لەلایەن تورکیاوە. وێنە: ناوەندی میدیایی هەسەدە.

هەسەدە: تورکیا باشووری کۆبانێ تۆپباران دەکات

هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، تورکیا ناوچەی پردی قەرەقۆزاخ و باشووری شاری کۆبانێ "بە چڕی" تۆپباران دەکات. سەرچاوە خۆجێییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، ئەمریکا و تورکیا بەردەوامن لە ناردنی هێز بۆ کۆبانێ و دەوروبەری.