رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی تەقینەوەی سیستمی گاز لە نانەواخانەیەکی گەزنەی لە هەولێر، 'ئەمڕۆ پێنج کەس بریندار بوون.'
سەیفەدین عوبێد، هاونیشتمانییەکە کە لە ریزی نانەواخانەکە دا دووکانی هەیە، بە رووداوی گوت "رووداوەکە کاژێر 11:30ـی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 2-1-2025) روویدا، کاتێک سیستمی گازی دووکانی نانەواخانەکە تەقییەوە، بەهۆیەوە پێنج کەس سووتان و بریندار بوون."
شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئاگرەکە بەهۆی دزەکردنی گازەوە بووە لە سیستمی گازی دووکانی نانەواخانەکە و بەهۆیەوە تەقیوەتەوە. تیمەکانمان بە ماوەیەکی کەم توانییان ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن."
دوو کەس لەوانەی بریندار بوون، لە نانەواخانەکە کاریان کردووە. بەگوتەی سەیفەدین "رەوشی تەندروستیی یەکێکیان سەختە."
لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە لە دووکانەکەی سەیفەدینەوە لە رێگەی کامێرای چاودێرییەوە تۆمارکراوە و، بۆ رووداوی ناردووە، ساتی تەقینەوەکە تۆمارکراوە.
لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت، لە کاتی تەقینەوەکە دا خەڵکی زۆر لە نزیک نانەواخانەکەن و دووردەکەونەوە؛ یەکێکیشیان بە جەستەی بە ئاگرەوە رادەکات.
ئەو کەسە ناوی محەممەدە و سەیفەدین دەڵی "کرێکاری نانەواخانەکەیە، خوارەوەی جەستەی سووتاوە، بەڵام ژیانی لەمەترسیدا نییە."
بەهۆی تەقینەوەکەی سیستمی گاز، جگە لە نانەواخانەکە "مارکێتێکیش سووتاوە و زیانی پێگەیشتووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ