رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییەکی دانیشتووی قەزای پێنجوێن دەڵێت، نزیکەی مانگێکە کوڕەکەی هیچ دەنگوباسێکی نییە و نازانن لەکوێیە. داوا لە هاونیشتمانییان دەکات هەر کەسێک سۆراخی کوڕەکەی دەزانێت ئاگاداریان بکاتەوە.
بەختیار حوسێن، هاونیشتمانییەکی خەڵكی پێنجوێنە و پێشمەرگەیە، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، کوڕەکەی کە ناوی بەهرۆزە، لە رۆژی 9-12-2024ەوە بێسەروشوێنە.
ئەو هاونیشتمانییە گوتی: "کوڕەکەم نزیکەی دوو مانگ بوو لە کارگەیەکی دروستکردنی 'فوم' لە ناحیەی عەربەت کاریدەکرد، بۆ کاتی سەرژمێری گشتیی دانیشتووان 20-11-2024 گەڕایەوە پێنجوێن و ماوەی هەفتەیەک مایەوە. ئەوکات پێیگوتین کارگەکە داخراوە."
باوکی ئەو کوڕە بێسەروشوێنبووە دەڵێت، "من لە سنووری قادر کەرەم پێشمەرگەم دوای سەرژمێری گەڕامەوە دەوام لە قادرکەرەم، بەڵام دوای چوار رۆژ بە دایکی گوتبوو کارگەکە کراوەتەوە و دەچێتەوە ئەوێ، لەو ماوەیەدا تاوەکو 9-12-2024 بەردەوام لەگەڵ دایکی قسەی کردووە و هیچ گرفتێکی نەبووە، بەڵام لەدوای ئەو وادەیەوە دەنگی نەما."
بەختیار حوسێن دەشڵێت، کوڕەکەی پێشتر لە کارگەکەش چەندین جار مۆبایلی بۆ چەند رۆژێک دادەخست، بۆیە سەرەتا گومانی بێسەروشوێنبوونیان نەکرد، بەڵام هەر دەنگی نەبوو دواتر بۆ سۆراخی چوونە کارگەکە بەڵام پێیانگوتبوون: "لەکاتی سەرژمێرییەوە بەهرۆز کە رۆشتووە نەگەڕاوەتەوە بۆ کارەکەی."
بەهرۆز بەختیار حوسێن، لەدایکبووی 28-12-2007، منداڵی دووەمی خێزانەکەی بووە لە کۆی چوار منداڵ. ئەو تاوەکو پۆلی حەوتی بنەڕەتی خوێندووە.
باوکی دەڵێت، "کوڕەکەم تەنیا کارتێکی نیشتمانی پێبووە، پاسپۆرتی نەبووە تاوەکو بڵێین، رۆشتووە بۆ ئەورووپا."
بەختیار حوسێن لە ئاسایش و پۆلیس سکاڵای ونبوونی کوڕەکەی تۆمار کردووە، داوا لە لایەنە پەیوندیدارەکان و هاونیشتمانییان دەکات هەرکەسێک سۆراخی کوڕەکەی دەزانێت و زانیاری هەیە ئاگاداریان بکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ