کۆمپانیا گەشتیارییەکانی سلێمانی: هاتنی گەشتیار کەمیکردووە

02-01-2025
پەیمان محەممەد
عەتا ئەنوەر، سەرۆکی کۆمەڵەی کۆمپانیا و نووسینگە گەشتیارییەکانی سلێمانی.
عەتا ئەنوەر، سەرۆکی کۆمەڵەی کۆمپانیا و نووسینگە گەشتیارییەکانی سلێمانی.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی کۆمەڵەی کۆمپانیا گەشتیارییەکانی سلێمانی دەڵێت، دابەشنەکردنی مووچەی مانگی 12 لە عێراق هۆکار بووە بۆ کەمبوونەوەی رێژەی گەشتیارانی سەری ساڵ؛ گوتیشی، دابەزینی نرخی تمەن و لیرە هاتنی گەشتیارانی ئێرانی و تورکی کەم کردووەتەوە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 02-01-2025، عەتا ئەنوەر، سەرۆکی کۆمەڵەی کۆمپانیا و نووسینگە گەشتیارییەکانی سلێمانی لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە ئارێز خالید پێشکێشیکرد، رایگەیاند، بۆ پشووەکانی سەری ساڵ، بەراورد بە ساڵانی رابردوو، بەگشتی هاتنی گەشتیارانی بیانی، نێوخۆیی و خواروو و نێوەڕاستی عێراق کەمیکردووە.
 
عەتا ئەنوەر لەبارەی کەمبوونەوەی هاتنی گەشتیاران بۆ سەری ساڵی زایینی گوتی: ''دوای گەشتیارانی نێوەڕاست و خوارووی عێراق، زۆربەی ئەو گەشتیارانەی روو لە سلێمانی دەکەن، خەڵکی رۆژهەڵات و باکووری کوردستان، ئێران و تورکیان، بەڵام دابەزینی بەهای تمەن و لیرە، کاریگەری هەبووە لەسەر هاتنی گەشتیارانی ئەم دوو وڵاتە.''
 
سەرۆکی کۆمەڵەی کۆمپانیا گەشتیارییەکانی سلێمانی لیژنەیەکی پشکنینی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزار، بەردەوام بەسەر هۆتێلەکاندا دەگەڕێت و چاودێریی نرخەکان دەکات، ''هەرچەند لەوانەیە لە هەندێک شوێن نرخەکان بەرز ببنەوە، بەڵام ئەمە زیاتر رووبەڕووی ئەو گەشتیارانە دەبێتەوە کە خۆڕسکانە دێنە شاری سلێمانی، نەوەک لە رێگەی کۆمپانیاکانەوە''.
 
سەرۆکی کۆمەڵەی کۆمپانیا و نووسینگە گەشتیارییەکانی سلێمانی گوتیشی: ''زیاتر لە ساڵێکە نووسراوێک دەرچووە کە دەبێت هێنانی گرووپە گەشتیارییەکانی خواروو و نێوەڕاستی عێراق بۆ هۆتێلەکانی شارەکە، لەلایەن کۆمپانیا گەشتیارییەکانەوە بکرێت، بۆ ئەوەی ئەگەر بەرزبوونەوە لە نرخەکاندا روویدا یان گرفتێک لە کوالێتیی خزمەتگوزارییەکاندا بینرا، گەشتیاران بتوانن بەپێی گرێبەستێک کە لەگەڵ ئێمە هەیانە، سکاڵا تۆمار بکەن.''
 
لەبارەی هاتنی گەشتیارانی زستانە، عەتا ئەنوەر گوتی: ''پێنجوێن و شاخی گۆیژەمان لە سلێمانی هەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا بەفر نەباریوە و تەنیا سەرمایەکی وشک هەیە، بۆیە هاتنی گەشتیارانی زستانە دەستیپێنەکردووە''.
 
قسەکانی عەتا ئەنوەر لەکاتێکدان ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەبارەت بە ئاماری هاتنی گەشتیاران، ئیبراهیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، "هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ئەم ساڵ زیاتر گەشتیاریان بۆ هاتووە بەراورد بە پار."
 
بەگوێرەی راپۆرتی دەستەی گەشتوگوزار، ساڵی رابردوو نزیکەی 200 هەزار گەشتیار بۆ پشووەکانی سەری ساڵ سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە. گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار دەڵێت، ''ئەم ساڵ پێشبینی دەکەین زیاتر لە 200 هەزار گەشتیار روویان لە هەرێمی کوردستان کردبێت.''

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

تۆپبارانکردنی باشووری کۆبانێ لەلایەن تورکیاوە. وێنە: ناوەندی میدیایی هەسەدە.

هەسەدە: تورکیا باشووری کۆبانێ تۆپباران دەکات

هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، تورکیا ناوچەی پردی قەرەقۆزاخ و باشووری شاری کۆبانێ "بە چڕی" تۆپباران دەکات. سەرچاوە خۆجێییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، ئەمریکا و تورکیا بەردەوامن لە ناردنی هێز بۆ کۆبانێ و دەوروبەری.