چوونی گەشتیاران بۆ هەولێر زیادی کردووە، بۆ دهۆک کەم

02-01-2025
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-

رووداو هەولێر

گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە شەوی سەری ساڵدا زۆربەی هۆتێل و مۆتێلەکان پڕ بوون لە میوان و شوێنیان نەمابوو. گەشتوگوزاری هەولێر دەڵێت، هاتنی گەشتیار بۆ سەری ساڵ بەراورد بە پار زیادی کردووە، بەڵام گەشتوگوزاری دهۆک دەڵێت، ئەم ساڵ گەشتیاریان کەمتر بوون لە پار.
 
پێنجشەممە، 02ـی کانوونی دووەمی 2025، ئیبراهیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، شەوی سەری ساڵ گەشتیارێکی زۆر لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان بوون، زۆربەی هۆتێل، مۆتێل و شوێنە گەشتیارییەکان پڕببوون لە گەشتیار.
 
گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان گوتی، "پلانی پێشوازی لە گەشتیاران وەکو خۆی بە سەرکەوتوویی جێبەجێکرا، لە هەفتەی رابردووەوە گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن و زۆربەی شوێنەکان پڕبوون و ناتوانین گەشتیاری زیاتر وەربگرین". 
 
سەبارەت بە ئاماری هاتنی گەشتیارانیش، ئیبراهیم عەبدولمەجید گوتی "هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ئەم ساڵ زیاتر گەشتیاریان بۆ هاتووە بەراورد بە پار".
 
بەگوێرەی راپۆرتی دەستەی گەشتوگوزار، ساڵی رابردوو نزیکەی 200 هەزار گەشتیار بۆ پشووەکانی سەری ساڵ سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە. گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار دەڵێت، ''ئەم ساڵ پێشبینی دەکەین زیاتر لە 200 هەزار گەشتیار روویان لە هەرێمی کوردستان کردبێت.''
 
نەریمان فازڵ، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر بە رووداوی گوت، "بەپێی ئەو زانیارییانەی لە هۆتێل و بازگەکان وەرمانگرتوون، ئەم ساڵ ژمارەیەکی زۆری گەشتیار سەردانی هەولێریان کردووە و لە ساڵی رابردوو زیاتر دەبێت."
 
کۆتاییەکانی ساڵی 2023 بەهۆی ئاگری هۆڵەکەی حەمدانییە، ئۆمێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، هیچ ئاهەنگێک و چالاکییەکی گشتی لە پارێزگاکە ناکرێت وەک هاوخەمی بۆ ئەم رووداوە.
 
کاژێر 10:30ـی شەوی 26ـی ئەیلوولی 2023، بنمیچی هۆڵێکی بۆنەکانی قەزای حەمدانییەی سەربە پارێزگای نەینەوا بەناوی هۆڵی هەیسەم گڕی گرت. بەوهۆیەوە 127 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 150 کەسیش برینداربوون.
 
بەڕێوەبەری راگەیاندنی گەشتوگوزاری هەولێر دەڵێت: "سەرەڕای ئەوەی ساڵی رابردوو هیچ چالاکییەکی گشتی لە پارێزگاکە نەکرا، بەڵام 61 هەزار گەشتیار لە پشووی سەری ساڵ سەردانی پارێزگای هەولێریان کرد، ئەم ساڵ ئەو ژمارەیە زیاتر دەبێت". 
 
چوونی گەشتیاران بۆ دهۆک کەمی کردووە
 
شەماڵ هرووری، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری دهۆک بە رووداوی گوت: "ئەم ساڵ ژمارەی هاتنی گەشتیاران بۆ پارێزگاکە کەمی کردووە، بەو شێوەیە نەبوو کە ئێمە چاوەڕێمان دەکرد".
 
گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری دهۆک دەڵێت: "ئێمە پێشبینیی هاتنی زیاتر لە 40 هەزار گەشتیارمان دەکرد، بەڵام بەهۆی جامی وڵاتانی کەنداو کە لە کوێت بەڕێوەدەچێت و هەڵبژاردەی عێراقیش تێیدا بەشداربوو، گەشتیارانی خوارو و ناوەڕاستی عێراق کەمتر هاتن بۆ هەرێمی کوردستان، هەروەها ئەم ساڵ بەفر نەباریبوو لە پارێزگاکە و کەمیی کاتی پشوو لە عێراق، هۆکارێکی دیکە بوو". 
 
بە گوتەی شەماڵ هرووری، پار زیاتر لە 40 هەزار گەشتیار لە پشووی سەری ساڵ سەردانی دهۆکیان کردبوو.
 
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بە رووداوی گوت، لە پارێزگاکە هەموو شتێک زۆر بەباشی بەڕێوەدەچێت، سەردانی گەشتیاران بۆ سلێمانی باشە و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.
 
لە شەوی سەری ساڵی 2024 دا 60 هەزار گەشتیار سەردانی پارێزگای سلێمانییان کردبوو، بەڵام بەرپرسانی کەرتی گەشتیاری لەو پارێزگایە پێشبینی دەکەن بۆ شەوی سەری ساڵی ئەم ساڵ ژمارەکە نەگەیشتبێتە 60 هەزار گەشتیار.
 
چیا قاسم، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە 25ـی کانوونی یەکەم تاوەکو 31ـی مانگ نزیکەی 7 هەزار گەشتیار و سەردانیکار لە پارێزگای هەڵەبجە تۆمارکراون."
 
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری هەڵەبجە گوتیشی: "ئەو ژمارەیە لە ئەمڕۆوە زیاد دەکات، چونکە ئەمڕۆ پشووەکان دەستیپێکردووە، خەڵک سەردانی شارە گەورەکان دەکات."
 
بە گوتەی چیا قاسم، "ساڵی رابردوو 6600 سەردانیکەر و گەشتیار لە پارێزگای هەڵەبجە تۆمارکراون."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە