لە ئیلام کوڕێک خوشکەکەی بە لەچک دەخنکێنێت

رووداو دیجیتاڵ
 
لە شاری ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی کێشەیەکی خێزانییەوە، کوڕێک خوشکە گەنجەکەی بە لەچکی خۆی دەخنکێنێت و دوای دەستگیرکردنی دان بە تاوانەکەیدا دەنێت.
 
رۆژی سێشەممە 2ـی کانوونی دووەمی 2024، قودرەت حەیدەریزادە، بەڕێوەبەری پۆلیسی شاری ئیلام رایگەیاند، "کچێکی تەمەن 14 ساڵ بەهۆی دەمەقاڵێیەکی خێزانییەوە لەلایەن براکەیەوە کوژرا".
 
قودرەت حەیدەریزادە دەڵێت، "دوای ئەوەی هێزەکانمان چوونە شوێنی رووداوەکە و لێکۆڵینەوەیان لە کەسوکاری کچەکە کرد، بۆیان دەرکەوت پێش رووداوەکە دەمەقاڵەیەک لەنێو خێزانەکەدا دروستبووە و دواتر برای کچەکە بە لەچک خوشکەکەی خۆی خنکاندووە".
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری پۆلیسی ئیلام، دوای دەستگیرکردنی بکوژەکە، لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دانی بەوەدا ناوە کە بە لەچک خوشکەکەی خنکاندووە و گوتی، "بەهۆی کێشەیەکی خێزانییەوە دەستی بۆ ئەو تاوانە بردووە".