قایمقامی مەخموور: دوو دەوامی لە قوتابخانەکانماندا نەماوە و دابەشکردنی ئاو دەکەینە 24 کاژێری
رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی قەزای مەخموور رایدەگەیێنێت، ساڵی رابردوو بە بەهای نزیکەی 18 ملیار دینار پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە هەموو سێکتەرە خزمەتگوزارییەکانی سنوورەکەدا جێبەجێ کراون. دەشڵیت، هیچ قوتابخانەیەک لە مەخمووردا نییە دوو دەوامی بێت و لە ئاییندەیەکی نزیکیشدا دابەشکردنی ئاو دەبێتە 24 کاژێری.
رزگار محەممەد، قایمقامی قەزای مەخموور لە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو، کە محەممەد رەحیم کەریم پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، ئەو پڕۆژانەی لە ماوەی ساڵی رابردوودا لە سنووری قەزای مەخموور و ناحیە و گوندەکانی جێبەجێ کراون، لە هەموو سێکتەرە جیاوازەکانی ئاو و ئاوەڕۆ، رێگەوبان و دروستکردنی قوتابخانە و بنکەی تەندروستین.
قایمقامی قەزای مەخموور ئاماژەی بەوەش دا، بەهۆی ئەوەی تائێستا بودجەی 2023 نەخراوەتە واری جێبەجێکردنەوە، ئەو پڕۆژانەی جێبەجێ کراون لە ساڵی 2022 بڕیاریان لێدراوە، یان ئەو پرۆژانەن کە لە رابردوودا تەواو نەکرابوون.
بە گوتەی رزگار محەممەد، لە ماوەی رابردوودا پرۆژەی هێڵی ئاوی شەقامی بازنەیی 60 مەتری تەواو بووە و لە هەوڵدان لە ماوەیەکی نزیکدا بکەوێتەکار، بۆ لەمەودواش هەموو گەڕەکەکانی مەخموور 24 کاژێر ئاویان هەبێت.
لەبارەی پرۆژەکانی کەرتی پەروەردە، قایمقامی مەخموور دەڵێت، ئەم ساڵ دوو قوتابخانە نۆژەن کرانەوە و ئێستا دەوامیان تێدا دەکرێت، ئێستا هیچ قوتابخانەیەک لە مەخمووردا نییە دوو دەوامی تێدا بێت و هەمووی یەک دەوامییە، تەنیا دوو قوتابخانەیان هەیە دەوامیان ئێوارانە.
لە چوارچێوەی رێککەوتنی نێوان حکومەتی عێراق و چین، بڕیارە چین 2000 قوتابخانە لە پارێزگاکانی عێراق دروستبکات.
قایمقامی قەزای مەخموور دەڵێت، لەو ژمارە قوتابخانەیەی کە بۆ پارێزگای نەینەوا دیاریکراوە، بەگوێرەی ژمارەی دانیشتووانی مەخموور، پێنج قوتابخانەی بۆ سنووری قەزای مەخموور و ناحیەکانی دەبێت، کە یەک قوتابخانە لە ناوەندی قەزای مەخموور، یەک قوتابخانە لە ناوەندی ناحیەی قەراج، یەک قوتابخانە لە گوندی سەڵاحییەی سەر بە قەزای مەخموور و دوو قوتابخانەش بۆ گوندەکانی سنووری ناحیەی گوێڕ دەبێت.
سەبارەت بە گوژمەی ئەو پرۆژانەی کە لە سنووری قەزای مەخموور و هەر چوار ناحیەکانی قەراج، گوێڕ، کەندێناوە و مەلا قەرە جێبەجێ کراون، قایمقامی قەزاکە دەڵێت، نزیکەی 18 ملیار دینار بووە، زۆربەی پرۆژەکانیش جێبەجێ کراون یان ئێستا لە قۆناخی جێبەجێکردندان، تەنیا پرۆژەی ئاوەڕۆی مەخموور نەبێت کە 800 ملیۆن دیناری بۆ تەرخانکراوە.
دەربارەی هۆکاری دەستپێنەکردنی پرۆژەی ئاوەڕۆی مەخموور، رزگار محەممەد گوتی، "ئەو رێڕەوەی کە پرۆژەکەی تێدا جێبەجێ دەکرێت دەبێت تۆمار بکرێت بەناوی بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆی حکومەتی فیدراڵی. ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رەزامەندیی داوە لەسەر تۆمارکردنی ناوی پرۆژەکە بەناوی فەرمانگە فیدراڵییەکان."