لە ماڵێکی هەولێر دەست بەسەر بڕێکی زۆر کەرەستەی جوانکاری نایاساییدا گیرا

02-01-2024
هیدایەت جان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لە قەزای عەنکاوە دەست بەسەر کۆگایەکی کەرەستەی جوانکاریدا گیرا و سەرۆکی لیژنەی کۆنتڕۆڵی کوالێتی دەرمان دەڵێت، "هەندێک لەو دەرمانانەی دەستیان بەسەردا گیراوە کارەساتن".
 
رۆژی سێشەممە 2ـی کانوونی دووەمی 2024، دکتۆر گۆڤەند رەوەند، سەرپەرشتیاری چاودێری بازاڕ و بازگەکان لە کۆنتڕۆڵی کوالێتی دەرمان بە رەنجە جەمال، پەیامنێری رووداوی راگەیاند، "زانیاریی وردمان بەدەستهێنابوو، کە خانوویەک لە گەڕەکی عەنکاوەی هەولێر کۆمەڵێک دەرمانی جوانکاری تێدا کۆگاکراوە، کاتێک گەیشتینە شوێنەکە، بۆمان دەرکەوت بەشی زۆری دەرمانەکان رێگەپێدراو نین و بەشێوەی قاچاخ هاوردەکراون".
 
دکتۆر گۆڤەند رەوەند گوتی، "ئەو کۆمپانیایەش کە ئەو دەرمانانەی بە بازاڕ کردووە مۆڵەتی چالاکی بەبازاڕکردنی دەرمانی وەرنەگرتووە و تەنیا مۆڵەتی بازرگانی هەیە".
 

 
سەرپەرشتیاری چاودێری بازاڕ و بازگەکان لە کۆنتڕۆڵی کوالێتی دەرمان ئاماژە بەوە دەدات، یەکێک لەو کەرەستە جوانکارییانەی لە کۆگاکەدا دەستی بەسەردا گیراوە "کارەسات"ـە و دەڵێت، "کارگەکانی دەرمان کە بەرهەمێک دروستدەکەن، وەکو رادەی بەرهەمی ئامادەکراو بۆ بەکارهێنان ئامادەی دەکات، بەڵام هەر بەرهەمێک بە فەل کرابێتە نێو توورەکەوە، دەبێ گومان لە راستبوونی ئەو بەرهەمە بکرێت و بزانن کە ساختەیە".
 
دکتۆر گۆڤەند رەوەند داوا لە سەنتەرەکانی جوانکاری دەکات، دەرزی بۆتۆکس، فیلەر یان ئەو پێداویستییە پزیشکیانەی لە چاندنی قژ بەکاردەهێنرێن، لە شوێنە فەرمییەکانی بکڕن و ستیکەری کوالێتی کۆنتڕۆڵیان پێوەیە و هاوکات داواش لە هاووڵاتییان دەکات، هەرکات سەردانی سەنتەرەکانی جوانکارییان کرد، هەر دەرمانێک بەکاردەهێنن، داوا لە پزیشکەکە بکەن دەرمانەکەیان پێشان بدات و ئەگەر ستیکەری کوالیتی کۆنتڕۆڵی پێوە نەبوو یان دەرمانەکەی پێشان نەدا، بەڕێوەبەرایەتییەکەیان ئاگادار بکاتەوە.
 
سەرپەرشتیاری چاودێری بازاڕ و بازگەکان لە کۆنتڕۆڵی کوالیتی دەرمان دەڵێت، لە ماوەی ساڵی 2023 نزیکەی 600 جار سەردانی کۆگاکانی دەرمان و دەرمانخانەکانیان کردووە و لەو ژمارەیە نزیکەی 130 شوێنیان داخستووە و بە پێبژاردن سزایان داون."
 
دکتۆر گۆڤەند رەوەند دەڵێت، لە پلانی ساڵی 2024یان زیاتر سەرنج دەخەنە سەر سەنتەرەکانی جوانکاری و ئەو شوێنانەی خەڵک گلەیی زۆریان لەسەریان هەیە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان

وەزیری دارایی بۆ نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست: بۆ بەهەمیشەییکردنتان چاوەڕوانی بەغداین

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دۆسیەی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست رەوانەی ئەنجوومەنی راژە کراوە بۆ ئەوەی رێکارەکانی تەواو بکرێت. نوێنەرێکی ئەو فەرمانبەرانەش دەڵێت: "بۆ دامەزراندنمان حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی بەغدایە."