خۆپێشاندان لە کەرکووک بۆ دامەزراندن بەڕێوەچوو؛ ئاڵۆزی کەوتەوە و 'بە دار لە کچان و کوڕان درا'

02-01-2023
سۆران حوسێن
دیمەنێک لە رووبەڕووبوونەوەی خۆپێشاندەران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کەرکووکەوە
دیمەنێک لە رووبەڕووبوونەوەی خۆپێشاندەران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کەرکووکەوە
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ژمارەیەک لە راهێندراوانی کۆمپانیای نەوتی باکوور لە کەرکووک بۆ داواکردنی دامەزراندن چوونە بەردەم دەرگەی سەرەکیی کۆمپانیاکە، بەهۆی رێگریکردن لێیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ئاڵۆزی دروستبوو، لە ئەنجامدا پێنج کەس برینداربوون کە سیانیان کچن.
 
رۆژی دووشەممە 02-01-2023، لەبەردەم کۆمپانیای نەوتی باکوور لە شاری کەرکووک لەنێوان بەشێکی راهێندراوانی کۆمپانیاکە و هێزە ئەمنییەکان ئاڵۆزی دروستبوو. هیوا حوسامەدین، پەیامنێری رووداو لە شوێنی خۆپێشاندانەکەوە گوتی، خۆپێشاندەران ویستوویانە بچنە نێو کۆمپانیای نەوتی باکوورەوە و هێزە ئەمنییەکان و پۆلیسی چالاکییە مەدەنییەکان بە "تەوژمی ئاو رووبەڕوویان بوونەوە و بە دار لێیان دان."
 
پەیامنێری رووداو ئاماژەی بەوە کرد، "هێزێکی زۆر بۆ رێگری لە خۆپێشاندەران کۆکراونەتەوە، بەڵام خۆپێشاندەران توانییان خۆیان بگەیێننە نێو کۆمپانیای نەوتی باکوور."
 
لەبارەی داواکاریی خۆپێشاندەرانەوە، هیوا حوسامەدین گوتی، خۆپێشاندەران بەردەم دەرگاکەیان گرتووە و نەیانهێشتووە فەرمانبەران بچنە ژوورەوە و داوایان دەکرد رێگەیان پێبدرێت بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە ببینن، "21 رۆژە وەزارەتی نەوتی عێراق نووسراوی کردووە بۆ کۆمپانیای نەوتی باکوور و داوایکردووە زانیارییان بدەنێ لەسەر ئەو کارمەندانە، بەڵام کۆمپانیاکە رەتیکردووەتەوە کە نووسراویان پێگەیشتبێت، خۆپێشاندەران دەیانویست بەڕێوەبەرەکە ببینن و بڵێن بۆ نووسراوەکە واژۆ ناکات؟"
 
 
ئەو راهێندراوانە لە نەتەوەکانی کورد، عەرەب و تورکمانن و بە گوتەی خۆیان 458 کەسن، شەش مانگ راهێنانیان پێکراوە و گرێبەستی پێشوەختیان هەبووە کە دوای راهێنان دابمەزرێن، بەڵام دانەمەزرێندراون و دوورخراونەتەوە.
 
لەنێو راهێندراواندا ژمارەیەک کچیش هەن؛ بە گوتەی هیوا حوسامەدین، 5 کەس لە خۆپێشاندەران بریندار بوون کە سیانیان کچن. ئەوەشی خستەڕوو، "بە دار و بە ئاسن لێیان دراوە."
 
ئەو هێزانەی براونەتە بەردەوام کۆمپانیای نەوتی باکوور بۆ رێگری لە ناڕەزایی راهێندراوانی کۆمپانیاکە، پۆلیسی کەرکووک، پۆلیسی نەوت، پۆلیسی فریاکەوتن، پۆلیسی چالاکییە مەدەنییەکان، سوپای عێراق، هێزەکانی بەرپەرچدانەوەی خێرا و بەشی هەواڵگریی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان بوون و ئۆتۆمبێلی سەربازییشیان پێبوو.
 
 
هەروەها هەردی محەممەد، پەیامنێری رووداو لەبەردەم کۆمپانیای نەوتی باکوور گوتی، ئەوەی خۆیان بینیویانە تاوەکو ئێستا 12 خۆپێشاندەر دەستگیرکراون و رەوانەی بنکەی پۆلیسی گەڕەکی عەرەفە کراون.
 
لیوا عەبدولجەبار ئەلتائی، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لەگەڵ ئەو گەنجانە کۆبوومەوە، ئەوان زۆر باش بوون و ئامادەی هاوکاریکردنیش بوون، چاوپێكەوتنم لە بەغدا بۆ رێکخستن و ئەنجامەکانی باش بوو، پێویست ناکات بابەتەکە ئاڵۆز بکەن و داوایان لێدەکەم ئارام بگرن چونکە کاتی دەوێت."
 
لیوا عەبدولجەبار ئاماژەی بەوەش کرد، لەگەڵ بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی باکووریش قسەی کردووە، ئەوەشی خستەڕوو، "پەڕاوەکەیان لە بەغدا بەرەوپێش دەچێت و پێویستە پەلە نەکەن، چوونە نێو کۆمپانیا و ژووری کارگێڕیی کۆمپانیا نایاساییە و سزا دەدرێن، بۆیە نابێت بچنە ئەوێ و رێگرییان لێکراوە."
 
سەبارەت بە هەبوونی هێزی زۆر بۆ رووبەڕووبوونەوەی خۆپێشاندەران، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک باسی لەوە کرد، "هێزی فەرمیمان هەیە و بەگوێرەی یاسا هەڵسوکەوت دەکەن؛ پشتیوانی و هاوکاریی خۆپێشاندانی ئاشتییانە دەکەین، بەڵام بەم شێوەیە هەڵکوتانەسەر دەزگا فەرمییەکان نایاساییە."
 
لەبارەی بریندارەکانیشەوە لیوا عەبدولجەبار ئەلتائی دەڵێت، "بەریەککەوتن برینداری لێدەکەوێتەوە، کاتێک هەڵدەکوتیتە سەر شوێنێک بە دڵنیاییەوە ئەوەش روودەدات و هێزە ئەمنییەکان ئەرکیانە شوێنەکە بپارێزن، ئێمە دەڵێین ئەوان دەبێت وریابن و لە دەرەوەی یاسا هەڵسوکەت نەکەن، پێم ناخۆشە ئەوە روویداوە دژی کچەکان."
 
کۆمپانیای نەوتی باکوور، راستەوخۆ پەیوەندیی بە وەزارەتی نەوتی عێراقەوە هەیە و فەرمان لەو وەزارەتە وەردەگرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گومرگی کرماشان.

گومرگی کرماشان: لە سێ مانگدا 850 ملیۆن دۆلار کەلوپەل هەناردەکراوە

بەڕێوەبەری گومرگی کرماشان دەڵێت، لە سێ مانگدا هەناردەی کەلوپەل لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی ئەو پارێزگایەوە بەراورد بە پار 7٪ زیادیکردووە و گەیشتووەتە 845 ملیۆن دۆلار.