لە وان هەشت قاچاخچی بە بڕیاری دادگە زیندانی دەکرێن

02-01-2023
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە پارێزگای وانی باکووری کوردستان، هەشت کەس کە بە تۆمەتی قاچاخچێتی بە کۆچبەرانەوە دەستبەسەر کرابوون، بە بڕیاری دادگە خرانە زیندانەوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی وان، کە ئەمڕۆ دووشەممە 2ی کانوونی دووەمی 2023 بڵاوکراوەتەوە، تیمەکانی هۆبەی دەروازە سنوورییەکان و بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی بە کۆچبەران سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی وان، لە شەش ئۆپەراسیۆنی جیاوازدا کە لە رۆژانی 26ی کانوونی یەکەمی 2022 تاوەکو 1ی کانوونی دووەمی 2023 ئەنجامدراون، 14 کەسیان بە تۆمەتی قاچاخچێتی بە کۆچبەرانەوە دەستبەسەر کردوون.
 
دوای گرتنەبەری رێکاری یاسایی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی وان، هەشت لە دەستبەسەرکراوەکان بە تۆمەتی قاچاخچێتی بە کۆچبەران خرانە زیندان و شەش دەستبەسەرکراوەکەی دیکەش بە مەرجی دادوەری ئازاد کران.
 
هەرچەندە تورکیا سنوورەکانی خۆی لەگەڵ رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە دروستکردنی دیواری کۆنکرێتی تووندوتۆڵ کردووە، بەڵام پەڕینەوەی کۆچبەرانی ئەفغانستانی بەردەوامە و رۆژانە دەیان کۆچبەر دوای پەڕینەوەیان لە سنوور لە ناوچەکانی سنووری پارێزگای وان دەستبەسەر دەکرێن.
 
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لە دوایین راگەیێندراویدا کە رۆژی 19ی تشرینی دووەمی 2022 بڵاویکردووەتەوە ئاماژەی بەوە داوە، لە رۆژانی نێوان 1ی کانوونی دووەم و 17ی تشرینی دووەمی 2022دا کۆی گشتی 104 هەزار و 272 کۆچبەری نایاسایی دیپۆرتکراونەتەوە کە 58 هەزار و 568 کۆچبەریان ئەفغانستانی، 11 هەزار و 622 کەسیان کۆچبەری پاکستانی بوون. هاوکات رێکارە یاساییەکان بەردەوامن بۆ دیپۆرتکردنەوەی 18 هەزار و 135 کۆچبەری دیکە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە