خۆپێشاندانی راهێندراوانی کۆمپانیای نەوتی باکوور؛ 'بە ئاو، دار و ئاسن لێیانداین'


رووداو دیجیتاڵ 

ساتی دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزییە لەنێوان راهێندراوانی کۆمپانیای نەوتی باکوور و هێزە ئەمنییەکان، خۆپێشاندەران دەیانویست بچنە نێو کۆمپانیای نەوتی باکوور و لە هۆکاری دانەمەزراندنیان بپرسنەوە.
 
هێزە ئەمنییەکان بۆ رێگریکردن لە چوونەژوورەوەی خۆپێشاندەران، دار و ئاسن و ئاوی گەرمیان بەکارهێنا و بەهۆیەوە پێنج خۆپێشاندەر برینداربوون و 12ـی دیکەش دەستگیرکران.
 
محەممەد جاسم، یەکێک لە بریندارەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "رێگەیەکیان لەگەڵماندا بەکارهێنا پێشتر شتی وانەبوو، بە ئاو و ئاسن و داری چالاکییە مەدەنییەکان لێیانداین."
 
دوای دوو کاژێر خۆپێشاندەران چوونە نێو بەشێک لە کۆمپانیای نەوتی باکوورەوە، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەکان گەمارۆدران و رێگەیان نەدا ئاو و خۆراکیشیان بۆ بچێت.
 
ئەحمەد عەبدولڕەحمان، خۆپێشاندەرە و دەڵێت، "12 کەسمان لە بنکەی پۆلیسی عەرەفە دەستبەسەرن، دوو بۆ سێ کەسمان لەخۆچوون لەکاتی بەکارهێنانی ئاو دژمان، سێ کەسمان بە لێدان بریندارکراون و ئێستاش لێرەین، نە دەهێڵن ئاو و خواردنمان بۆ بێت و نە دەهێڵن ئەوەی بچێتە دەرەوە جارێکی دیکە بێتەوە ژوورەوە."
 
راهێندراوانی کۆمپانیای نەوتی باکوور، بڕوانامەی ئەندازیارییان لە بواری نەوت هەیە، بڕیاربوو دوای چوار مانگ مەشقکردن لە کۆمپانیای نەوتی باکوور دابمەزرێندرێن، بەڵام چوار ساڵە دانەمەزرێندراون.
 
ئیناس مەجید خۆپێشاندەرە، گوتی، "نازانین دەیانەوێت بە کوێ بگەن، لە کچەکانیان دا و کچ هەیە ئازار دراوە، جاری پێشووش بە هەمان شێوە لێیانداین و دوو بۆ سێ کەسمان دەستیان سووتا و یەکێکیش لە سەریان دا."
 
زیاتر لە شەش جۆری هێزی ئەمنی لە چواردەوری خۆپێشاندەران بڵاوەیان پێکرابوو، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووکیش دەڵێت، هەڵکوتانە سەر فەرمانگە حکومییەکان کارێکی نایاساییە و ئەو هێزانەش بۆ رێگریکردن لەو کارە بڵاوەیان پێکراوە.