رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، نزمترین پلەی گەرمای تۆمارکراوی ئەمڕۆ لە سۆران و حاجی ئۆمەرانە و 1 پلە ژێر سفرە. کەشناسێکیش دەڵێت، شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و لە ناوچە شاخاوییەکانیش بەفر دەبارێت.
رۆژی دووشەممە 02-01-2023 ئاسۆ کەمال، بەڕێوەبەری کەشناسیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "شەپۆلێکی ناسەقامگیری کەشوهەوا ناوچەکە دەگرێتەوە؛ سبەی و دوو سبەی ناوچەکانی عێراق و پێدەچێت کۆتایی ئەم هەفتەیەش هەرێمی کوردستان بگرێتەوە."
بەڕێوەبەری کەشناسیی سلێمانی ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکو ئەمڕۆ لە سلێمانی 152.6 ملیمەتر باران باریوە. ساڵی رابردوو تاوەکو ئەم کاتە 108 ملیمەتر باران باریبوو.
هەر ئەمڕۆ دووشەممە محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "رۆژی چوارشەممەی داهاتوو شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و تاوەکو رۆژی هەینی بەردەوام دەبێت. شەپۆلەکە زیاتر ناوچەکانی سلێمانی، هەڵەبجە و گەرمیان دەگرێتەوە و لە سنووری هەولێر و دهۆک لاواز دەبێت."
لەو شەپۆلەدا، بە گوتەی ئەو شارەزایەی کەشناسی، لە "زۆرینەی" ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان بەفر دەبارێت.
لەبارەی کەشوهەوای سبەی سێشەممە، ئەمڕۆ دووشەممە کەشناسیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت و پلەی گەرما نزیک دەبێتەوە لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ.
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ نزمترین پلەی گەرمای تۆمارکراو لە حاجی ئۆمەران و سۆران بووە کە 1 پلەی سیلیزیی ژێر سفر بووە؛ هەروەها نزمترین پلەی تۆمارکراو لە شارەکانی دیکەی باشووری کوردستان بەم شێوەیەی خوارەوە بووە:
هەولێر: 4 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 7 پلەی سیلیزی
دهۆک: 4 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 3 پلەی سیلیزی
کەرکووک: 3 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 9 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 3 پلەی سیلیزی
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ