دەستەی گەشتوگوزار: بۆ سەری ساڵ 147 هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی کوردستان

رووداو دیجیتاڵ
 
گوتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە ماوەی یەک هەفتەی بەر لە کۆتایی ساڵی 2021، نزیکەی 147 هەزار گەشتیار بۆ ئاهەنگەکانی سەری ساڵ هاتوونەتە هەرێمی کوردستان.
 
نادر رووستی، گوتەبێژی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، رۆژی یەکشەممە 02-01-2022رایگەیاند، بۆ بەشداریکردن لە پێشوازی سەری ساڵی 2022 و گەشتکردن بۆ شوێنە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان و بەسەربردنی کاتێکی خۆش، 146 هەزار و 898 گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی کوردستان.
 
نادر رووستی ئاماژە بە ماوەی هاتنی ئەو گەشتیارانە بۆ هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت: "ئەو گەشتیارانە لە ماوەی حەوت رۆژ، واتە لە 25-12-2021 تاوەکو 31-12-2021ەوە هاتوون".
 
ژمارەی گەشتیارەکان بەمشێوەیە  بەسەر پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دابەشبوون:
هەولێر: 76,550 گەشتیار
سلێمانی: 31,614 گەشتیار
دهۆک: 38,734 گەشتیار
 
بەگوێرەی ئەو ئامارەی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی داوە، لە 11 مانگی یەکەمی ساڵی 2021دا چوار ملیۆن و 93 هەزار و 888 گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی کوردستان.