موختاری گوندی هروور: تورکیا گوندەکەمان تۆپباران دەکات
رووداو دیجیتاڵ
موختیاری گوندی هروور لە سنووری پارێزگای دهۆک بە رووداوی راگەیاند، ئەمشەو تورکیا 18 گوللـەتۆپی لە نزیک گوندی هروور تەقاندوون و بەهۆیەوە ترس و دڵەڕاوکێی لای هاونیشتمانییانی گوندەکە دروستکردووە.
تۆپبارانەکە کاژێر 10:00ی ئەمشەو یەکشەممە 2-1-2022 روویداوە. ئازاد هرووری، موختاری گوندی هروور بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند " گوللە تۆپەکان لە دەوروبەری گوندەکە کەوتوون، بەڵام بەهۆی ئەوەی شەوە ناتوانین بچینە شوێنی تۆپەکان."
سەبارەت بە زیانی گیانیش دەڵێت " هیچ زیانێکی نەبووە."
سەربەست سەبری، بەڕێوەبەری شارۆچکەی کانی ماسێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند " جاری یەکەم نییە ئەو خاڵانەی تورکیا تۆپبارانی ناوچەکە دەکەن، بەهۆی شەڕی نێوان گەریلاکانی پەکەکە و سوپای تورکیا."
گوندی ھروور دەکەوێتە ناوچەی بەرواری باڵا لە رۆژھەلاتی زناری کێستە، کە لە نیسانی رابردوودا سۆپای تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی لەو ناوچەیە دەستیپێکردووە.